"کۆبوونەوەی پێنج لایەنەکە هیچی لێ سەوز نەبوو"

بۆ رزگاربوون لە کێشەی پرسی سەرۆکایەتی، لەبارەگای یەکگرتوو کۆبوونەوەیەکی درێژ لە نێوان هەر پێنج لایەنە سەرەکییەکانی کوردستان سازکرا، سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند: کۆبوونەوەکە هیچی لێ سەوز نەبوو.

یەکگرتووی ئیسلامی دەستپێشخەرییەکی کرد بۆ رزگاربوون لە قەیرانی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، هەر پێنج لایەنەکە پێش نیوەرۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوە، پاش چوار کاتژمێر لە کۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەکانی سپی کۆبوونەوەکە هیچ لێ سەوز نەبوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بە سپی راگەیاند : پارتی شتێکی تازەی پێشنیار نەکرد، تا ببێتە مایەی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکە بە ئەنجامێکی پۆزەتیفدا بشکێتەوە، بەڵکو ئەو حیزبە هەر جەختی لەسەر بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی رۆژی ٧/٢٧ دەکردەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هەرچەندە یەکگرتووی ئیسلامی کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی دەکرد پێشنیاری کرد چەند دەسەڵاتێکی سەرۆکی هەرێم کەمبکرێتەوە، بەرامبەر ئەوەی بۆ دوو ساڵی تر ماوەی بارزانی درێژبکرێتەوە، بەڵام نەپارتی نەرمی پێشان دا، نە لایەنەکانی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ ئامادەبوون لەسەر رای خۆیان هیچ سازشێک بکەن.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتوو، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد رەنگە کۆبوونەوەی داهاتوو شەممە بکرێت، بەڵام پێشبینی سازش لەهیچ لایەنێکەوە بەدیناکرێت، هەرچی پارتیە خەتی سوورە بارزانی بچێتە پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتی بۆ کەمبکرێتەوەو ماوەکەی بۆ درێژبکرێتەوە، کە گۆڕان و یەکێتی و لایەنە ئیسلامییەکان پێداگری لەسەر ئەم داوایانە دەکەن.

وابڕیاریشە یەک شەممە جارێکی تر لیژنەی یاسایی کۆبێتەوە راپۆرتی خۆی لەسەر چوار پرۆژەکەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ئامادە بکات تا رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری بکرێت.
 
  



PM:09:56:30/07/2015