فراکسیۆنی گۆڕان داوای بەشداری هاوڵاتیان لە کوژاندنەوەی مۆبایلەکانیان دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان سەرسوڕمانی خۆی پیشاندا لەوەی کە حکومەتی عێراق هەندێک لە مادەکانی یاسای بودجەی گشتی جێبەجێ ناکات، بەڵام دێت مادەی بەرزکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل جێبەجێ دەکات.

هۆشیار عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران عێراق لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل رایگەیاند: جێگەی سەرسوڕمانە کە حکومەتی عێراق سەرەرای ئەوەی هەندێک لەماددەکانی یاسای بودجەی گشتی جێبەجێ ناکات کە لە سودی هاوڵاتیانی عێراقە، بەڵام یاسای تایبەت بە بەرزکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل جێبەجێ دەکات.

هۆشیار عەبدوڵا داواشی لە سەرجەم هاوڵاتیان لە هەرێمەوە تا بەسرە کرد، کە بەشداری کەمپینی کوژاندنەوەی مۆبایلەکانیان بکەن.

 هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە، لە چوارچێوەی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی وەک ئاو و کارەبا و گرانبوونی نرخی خواردن، کەچی حکومەتی عێراقی هەڵدەستێ بەرزکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل کە دەبێـتە بارگرانییەکی دیکە لەسەر هاوڵاتیان.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە: هەروەها زیادکردنی نرخی کارتی مۆبایل دەبێتەی هۆی زیادکردنی توڕبوونی خەڵک و رژانە سەر شەقامەکان و ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ داواکردنی خزمەتگوزاری، لەگەڵ ئەوەی کە پێمان ناخۆشە کە ئەو مادە جێەجێ دەکرێت، بەڵام جێگەی شانازیمانە کە هۆشیاری میللەت لە رێگەی دروستکردنی کەمپینی کوژاندنەوەی  مۆبایلەکان ئەو کارەی حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانیانی پەیوەندیان رەتکردوەتەوە.

هۆشیار عەبدوڵا لە لێدوانەکەیدا، دەشڵێ: هاوڵاتیان دەتوانن مافەکانیان بەدەست بهێنن لە رێگەی یەکگرتن و بەرزکردنەوەی دەنگیان، بەبَێ‌ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سلبی و توندوتیژی، پێم وایە کەمپینی کوژاندنەوەی مۆبایل کە چالاکوانەکان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رایانگەیاندووە، حکومەتی عێراق پاپەند دەکات کە پاشگەزبونەوە لە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی مۆبایل.

هۆشیار عەبدوڵا داواشی لە لیژنەی دارایی و ئابوری ئەنجومەنی نوێنەران دەکات کە بە شێوەیەکی خێرا ریگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئەزمە نوێیەو دەرکردنی یاسایەک کە حکومەت پاپەند بکات پێوەی.



PM:02:44:02/08/2015