سپی زانیاری ورد لەسەر کۆبوونەوەی پێنج لایەنەکە بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ پێنج لایەنی سیاسی لە بارەگای کۆمەڵی ئیسلامی لە سلێمانی کۆبوونەوە بێ ئەوەی بگەنە هیچ ئەنجامێک، سپی زانیاری ورد لەناو ئەو کۆبونەوەیەوە بڵاودەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ٨/٢ بە سپی میدیای راگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پاش چەندین کاژمێر لە دانیشتن لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک.

سەرچاوەکەی سپی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک کۆبوونەوەی پێشوو داوای کرد ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی بۆ دوو ساڵی تر بەم دەسەڵاتەی ئێستاوە درێژبکرێتەوە. بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانیشی لە کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆدا پارتی هیچ نەرمییەکی پێشانداوە هیچ مادەیەک لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەستکاری بکرێت و لە دەسەڵاتەکانی کەمبکرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، پارتی بەس بەڵینی ئەوەی داوە کە لە دوای دووساڵەکە ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم لە دەستوردا بکات، هاوکات پارتی سووربووە لەسەر ئەوەی سەرۆکی هەرێم لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە، سەرچاوەکەی سپی ئاماژی بۆ ئەوە کرد کە گۆڕان و یەکێتی ئامادە نەبوون ئەم داوایانەی پارتی پەسەند بکەن و بەڕاشکاوانە رای خۆیان لەسەر ئەو پرسە بە پارتی و لایەنە بەشداربووەکانی تر کۆبوونەوەکە راگەیاندووە.

سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد لەم حاڵەتەدا کێشەکە دەچێتەوە پەرلەمان و لەبری سازدانی نیشتمانی، پرسەکە بەدەنگی زۆرینەو کەمینە چارەسەر دەکرێت.



PM:09:39:02/08/2015