ئەمڕۆ لەپەرلەمانی کوردستان چی روودەدات؟

ئەمڕۆ دوا وادەی رادەستکردنی راپۆرتی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت.

ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان دەکەن، لەوانەش لیژنەی یاسایی، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ راپۆرتەکەی رادەستی سکرتێری پەرلەمان دەکات.

دوای ئەوە سکرتێری پەرلەمان راپۆرتەکە وەردەگرێت، کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە ئامانجی دانانی رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان سازدەکرێت.

ئەگەر لە پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان ( سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سکرتێری پەرلەمان ) یەکێکیان  ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، ئاساییە ئەگەر سەرۆک، یان جێگر یەکێکیان ئامادە نەبن، بەڵام پێویستە سکرتێری پەرلەمان ئامادەبێت، یان یەکێک لەسەرۆک یان جێگر، یان هەردووکیان ئامادەبن.

بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر جێگری سەرۆکیش کە جەعفەر ئێمنکیەو سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە ئامادە نەبێت، ئەوا سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان دەتوانن کات دیاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان، هاوکات هەر ئەمڕۆش دەقی ئەو راپۆرتە دابەشدەکرێت بەسەر هەموو ئەندام پەرلەمانەکاندا کە ١١١ ئەندامن تا خۆیان ئامادە بکەن بۆ رۆژی کۆبوونەوە کە دەبێت ٤٨ کاتژمێر دوای کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە. 



AM:10:50:09/08/2015