پێكهاتەی توركمان‌و مەسیحی هۆشداری دەدەنە چوار لایەنەكە

سەرۆكی فراكسیۆنی گردبوونەوەی كلدانی سریانی ئاشوری هۆشداری دەدەنە چوار لایەنی یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و توركمانیش هەڕەشەی دەنگ نەدان بە دەستور دەكات.

وەحیدە یاقۆ هرمز، سەرۆكی فڕاكسیۆنی گردبوونه‌وه‌ی كلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سبه‌ی دوا واده‌مان داوه‌ به‌و چوار لایه‌نه‌ی (یه‌كێتی، گۆڕان، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو) كه‌ دژی ئێمه‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و ئاماده‌ نینه‌ مافی پێكهاته‌كان بچه‌سپێت له‌ناو پرۆژه‌ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ته‌نها پارتیی دیموكراتی كوردستان نه‌بێت كه‌ به‌ حەفت ئه‌ندام له‌گه‌ڵ ئێمەدانە و پشتمان دەگرن."

وتیشی: "وای ده‌خوێندنه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی نه‌چووینه‌ دانیشتنی په‌رله‌مان له‌ 23 حوزه‌یران ئه‌وانیش دژی مافه‌كانی ئێمه‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ پێش ئێستاش دژی پێكهاته‌كان بوونه‌ ".

لەلایەكی ترەوە مونا قه‌هوه‌چی، سەرۆكی فراكسیۆنی پێشكەوتووی توركمانی لە ‌پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: "سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان دژایه‌تی پێكهاته‌ی توركمان و مه‌سیحییه‌كان ده‌كه‌ن له‌ لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ڕه‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێم بۆ ڕاپرسی جگه‌ له‌ فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان كه‌ به‌ حەفت ئه‌ندامه‌وه‌ له‌و لیژنه‌یه‌ پشتگیری له‌ داواكانی پێكهاته‌كان ده‌كات وه‌ داواكانی پێكهاته‌كان ئه‌وه‌یه‌ چه‌سپاندنی مافه‌كانه‌ له‌ ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێم به‌ زه‌قی دیاری بكرێت له‌ سێ ده‌سه‌ڵاتدا تواناو پایه‌وپۆسته‌كان دیاری بكرێن."

قه‌هوه‌چی وتیشی: "ئێمه‌ی توركمانه‌كان ئه‌گه‌ر بێت و داواكارییه‌كانمان له‌ناو ده‌ستووری كوردستاندا نه‌چه‌سپێت ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌نگ به‌ ده‌ستووری كوردستان ناده‌ین و به‌ ده‌ستووری خۆیشمانی نازانین."



PM:04:46:11/08/2015