كۆمەڵ: هیچ لێكترازانێك لەنێوان ئێمە‌و یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوودا نیە

سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ڵێت "په‌رله‌مان به‌ئه‌ركی یاسایی خۆی هه‌ستاوه‌، ئێستاش یه‌ك رۆژ مابێت ده‌توانرێت، پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم یه‌كلایی بكاته‌وه‌".

سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە هاوشانی لایەنەكان، پەرلەمانی كوردستان رۆڵی بەرچاو دەگێڕێت لە یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسە مەروان گەڵاڵی‌ بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ناكرێت هەموو ئەركەكان بخرێتە سەرشانی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی لەسەرمان بوو كردمان بە پێشكەشكردنی پرۆژە یاسا بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، گۆڕان، یەكێتی كۆمەڵ، یەكگرتوو پرۆژەی هەبووە خوازیار بووین پارتیش پرۆژەی هەبوایە یان بهاتبان گفتوگۆمان لەسەر ئەو پرۆژانە دەكرد بەڵام ئەوان نەهاتن".

گوتیشی: "ئێستا پەرلەمانی كوردستان، لەسەر رەهەندە یاساییەكەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بەئەركی خۆی هەستاوە، ماوەتەوە رەهەندە سیاسیەكەی دەبێت لایەنەكان یەكلایی بكەنەوە".
لەمیانی چەندین كۆبوونەوەی نێوان لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان، لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم نەگەیشتوونەتە ئەنجام ئێستاش ویلایەتی سەرۆكی هەرێم مەسعود بارزانی بە پێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 لە 20ی ئاب كۆتایی دێت واتە سێ رۆژی دیكە.

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت "پەرلەمان دەتوانێت لە رۆژێكیشدا پرسی سەرۆكایەتی هەرێم یەكلایی بكاتەوە، ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بێت دەیكەین هیوادارین لایەنەكانی سیاسیش هاوكارمان بن بۆ تێپەراندنی ئەم قەیرانەی كە دروست بووە".

مەروان گەڵاڵی بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وت: "لە نێوان فراكسیۆنەكانی گۆڕان، یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو هیچ لێكترازانێك نییە هەموومان سوورین لەسەر پرۆژەكانمان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە ئێستا پرۆژەكانمان بوونەتە یەك پرۆژە".

هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كە حزبەكەی شەش كورسی لە پەرلەمان هەیە ئاماژەی بەوەكرد بۆ دانیشتنی نا ئاسایی هەركات پێویست بكات، هەر شەش ئەندامەكەی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئامادە دەبن.



PM:02:28:16/08/2015