سپی هەندێک زانیاری لەسەر پرۆژەکەی پارتی بڵاودەکاتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان پرۆژەیەکی ئامادەکردووەو دەیخاتە بەردەم لایەنە سیاسیەکان بۆ سازدان و دواتر پەرلەمانی کوردستان، سپی ناوەرۆکی ئەو پرۆژەیە بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە پرۆژەکەی پارتی لەچەند تەوەرەیەک پێکهاتووە، کە سەرەکیترینیان درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی هەرێم ( بارزانی ) یە بۆ دوو ساڵی تر.

لەتەوەرەیەکی تری پرۆژەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە ئەنجومەنی باڵا پێکبهێنرێت لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە سەرکردایەتی دەکرێت و وەک " ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی" دەبێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی پێکدێت لە سێ سەرۆکایەتی ( هەرێم و پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکی ئەو حیزبانەی لەناو پەرلەماندا کوردستاندا نوێنەریان هەیە ).

ئەم ئەنجومەنە، کٶمەڵێک ئەرکی لەسەر شان دەبێت، یەکێک لەو ئەرکانە پرسی نەتەوەییە کە کار دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو ئەنجومەنە لەسەر ئاستی ناوخۆ دەرەوە کار بکات بۆ وردە وردە سەربەخۆیی کوردستان، ئەو ئەنجومەنە لەمبارەیەوە دەبێت بەئەنجومەنی قۆناغی " ئینتقالی سەربەخۆیی".

یەکێک لە ئەرکەکانی تری ئەم ئەنجومەنە پرسی پەیوەندییەکانی هەرێمەوە دۆسیە پڕ کێشەکانە لەگەڵ بەغدا، ئەو ئەرکەش دەسپێردرێت بەم ئەنجومەنە.

هەروەها دۆسیەی پێشمەرگەو یەکخستنی و کردنی بە‌هێزێکی نیشتمانی یەکگرتوو یەکێکە لەئەرکەکانی ئەو پرۆژەیە.

لەبەر رۆشنایی ئەم پرۆژەیە پارتی دەیەوێت چاو بەسەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتدا بخشێنێتەوە کە ئەم کاتێکی زیاتری دەوێت.

پارتی دەیەوێت ئەم پرۆژەیە سەرەتا لەگەڵ حیزبەکان باس بکات و دواتر رایان وەبرگرێت و پرۆسەی سازانەکە تەواوبکات، ئەوجا بیخاتە نێو پەرلەمان تا بڕیاری لەسەر بدرێت. 

بەپێی زانیارییەکانی سپی پارتی ئامادە نییە " مسعود بارزانی " بەرێتە نێو پەرلەمان تا لەگەڵ پرۆژەکەدا ماوەی دوو ساڵەکەی بۆ درێژبکرێتەوە.

سەبارەت بەم پڕۆژەیە چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ پرۆژەی لایەنەکانی تر، بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەم پرۆژەیە نزیکە لە پرۆژەکەی د. بەرهەم ساڵح و پرۆژەکەی حیزبی شیوعیەوە.  



AM:10:36:18/08/2015