پێنج لایەنەکە لەسەر چی رێککەوتن، ئەمڕۆ لەسەر چی کۆدەبنەوە؟

رۆژی ٨/١٩ لە شەش کاتژمێردا پێنج لایەنەکە لەسەر هەندێک پرەنسیپ رێککەوتن، ئێستا جارێکی تر لە هەولێر لە کۆبوونەوەدان.

پێنج لایەنەکە رۆژی ٨/١٩ لەسەر چەند پرەنسیپێک رێککەوتن گرنگترینیان، بارزانی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی بۆ دوو ساڵ درێژبکرێتەوە، هەروەها ئەو دەسەڵاتانەی سەرۆکی هەرێم هەیەتی و لایەنەکان تێبینیان لەسەری هەیە، دیاری بکرێن و  کەمبکرێنەوە.

یەکێک لەو خاڵانەی تر کە پێنج لایەنەکە لەسەری رێککەوتن کۆبوونەوەی رۆژی ٨/١٩ پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکی سازنەکرێت و دوابخرێت، بزووتنەوەی گۆڕان تا دوا ساتەکانی کۆبوونەوەکە لەسەر ئەم پرسە رازی نەبوو، دواتر عەلی باپیر راسپێردراوە بەتەلەفون قسە لەگەڵ رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بکات، دوای قسەکردن، بەپێی هەندێک زانیاری کەدەست سپی کەووتووە نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو سێ برادەری وەفدەکەی سەرپشک کردووە بڕیار بدەن، ئەو سێ هەڵسوراوەی وەفدەکەی گۆڕان دووانیان لەگەڵ دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەماندا بوون، یەکێکیان لەگەڵیدا نەبووە، ئەم راستییەیان بە نەوشیروان مستەفا راگەیاندووە، ئەویش بە عەلی باپیری راگەیاندووە کە با کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دوا بکەوێت، بەڵام ئەوە بوو بۆ بەیانی لەکاتی سازکردنی کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەماندا هەریەک لە فراکسیۆنی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و نیوەی یەکگرتوو پابەند نەبوون بەو رێککەوتنەکەوەو هەوڵیان دا کۆبوونەوەی نائاسایی لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی یاسایی سەرۆکایەتی سازبکەن، بەڵام نەیانتوانی ژمارەی یاسایی کە ٥٦ پەرلەمانتارە تەواوبکەن و تەنها ٥٣ ئەندام پەرلەمان ئامادەبوون.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەر هەوڵی ئەو چوار فراکسیۆنە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان زۆر نیگەران بوو، تا ئەو ئاستەی کاریگەری بکاتە سەر بەردەوامی کۆبوونەوە پێنج قۆڵیەکە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی سپی دواتر بڕیاریان داوە درێژە بەو کۆبوونەوانە بدەن.

بەپێ زانیارییەکانی سپی، ئەمڕۆ ئەو پێنج لایەنە کە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا کۆدەبنەوە بۆ زیاتر وردکردنەوەی ئەو پرەنسیپانەیە کە لە کۆبوونەوەی ٨/١٩ لەسەری رێککەوتن.      



AM:11:20:20/08/2015