لەسەر بەشدارینەکردنی مەلا بەختیارو عیماد ئەحمەد لەکۆبوونەوەکانی ٥ لایەنەکە سپی زانیاری بڵاودەکاتەوە

لەهەموو کۆبوونەوەکانی پێش ٨/٢٠ ی پێنج لایەنەکە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی ئەو حیزبە بەشداری کۆبوونەوەکان بوون، بەڵام لە کۆبوونەوەکانی دوای ئەو بەروارەوە ئەو دوو بەرپرسە بەشداری ناکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند بەشداری نەکردنی ئەو دوو بەرپرسەی یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ  هەڵوێستی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دوای ئەوەی ٨/١٩ هەر پێنج لایەنەکە بەسەرپەرشتی نوێنەری ئەمەریکاو بەریتانیاو نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتنە ئەو رێککەوتنەی کۆبوونەوەی ٨/١٩ پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بۆ سێ رۆژ دوابخرێت، بەڵام فراکسیۆنەکان بە بڕیاری بەرپرسەکانیان لەو رێککەوتنەدا نەجوڵانەوەو بەپێچەوانەوە سووربوون لەسەر سازدانی کۆبوونەوە، ئەوە بوو کۆبوونەوەکە سازکرا، بەڵام دواتر نەتوانرا ژمارەی یاسایی تەواوی پەرلەمانتاران ئامادەی کۆبوونەوەکە بن.  

لەو دەمەوە مەلابەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری  و عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەک یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکان پێنج لایەنەکە لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم ناکەن، بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی سپی، دوای ئەو کۆبوونەوەیە، ئەو دووبەپرسە بڕیاریان داوە کەچیتر بەشداری نەکەن، چونکە ئەوان پێیانوایە کە ئەگەر دەسەڵاتیان بەسەر فراکسیۆنەکەی خۆیاندا نەڕوات و بڕیارەکانیان جێبەجێ نەکەن، بۆ بەشداری بکەن. 
    



PM:03:44:24/08/2015