یەكەم ناكۆكییەكانی نێوان عەباد‌ی و قاسم سلێمانی ئاشكرا دەبێت

لەكۆبوونەوەیەكی بەرپرسانی شیعەی عێراق قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران هۆشداری دەداتە حەیدر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە دادگایی نەكردنی نوری مالیكی.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، پاش ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشداری كۆبوونەوەی وەفدی سیاسی ئیئتلافی شیعە بەسەرۆكایەتی ئیبراهیم جەعفەری دەكات، توشی سەرسوڕمان دەبێت كە قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەو كۆبوونەوەیە دەبینێت.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە نوری مالیكی، عمار حەكیم، هادی عامری‌و نوێنەرێكی موقتەدا سەدر ئامادەبوون، لەلایەن ئێرانەوە قاسم سلێمانی رەوانەی ئەو كۆبوونەوەیە دەكرێت تا رێگە لەوە بگرێت دۆسیەی نوری مالیكی سەبارەت بە گەندەڵی هەڵبدرێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە شەرقولئەوسەتی وتووە: لەو كۆبوونەویەدا قاسم سلێمانی ناڕەزایی خۆی لە چاكسازییەكانی عەبادی راگەیاندوە‌و هۆشداریشی داوە نابێت دژی مالیكی هیچ كارێكی یاسایی بكرێت، پاش ئەوە سلێمانی بە توڕەییەوە كۆبوونەوەكە بەجێدەهێڵێت.

بەپێی راپۆرتەكە ئەم هەڵسوكەوتەی سلێمانی هەموو سەركردە شیعەكانی ئیئتیلافی نیشتمانی عێراق توشی سەرسوڕمان دەكات، چونكە سلێمانی سوكایەتی بە عەبادی كردوە.



PM:02:16:25/08/2015