"پێنج لایەنەکە سبەی لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم گفتوگۆ دەکەن"

سبەی چوار شەممە ٨/٢٦ پێنج لایەنەکە یەكێک لەو خاڵە سەرەکیانەی باسی لێوە دەکرێت شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە سپی راگەیاند: لە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی سبەینێ چوار شەممە گفتوگۆ لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەکرێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەگەر پارتی بگاتە ئەو حاڵەتەی کە رەزامەندی پێشان بدات سەرۆکی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئەو دەمە قسە لەسەر پرسی درێژکردنەوەی ماوەی بارزانی دەکرێت.

سەبارەت بەوەی ئەگەر پارتی لەسەر ئەو پرسە رازیبێت دەکرێت ببێتە بنەما بۆ رێککەوتن لەسەر دەستوریش کە سەرۆک لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.  

ئەگەر پارتی رەزامەندی پێشان نەدا لەسەر ئەم دوایەی چوار لایەنەکە ئەو دەمە قسە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی ئێستای هەرێم کە بارزانییە ناکرێت، " چونکە لەبنەڕەتدا لەرووی یاساییەوە ئەو بۆی نییە خۆی هەڵبژێرێتەوە".

لەلایەکی ترەوە ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتیی دیموکراتی کوردستان (د. فرسەت سۆفی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە "سبەی سه‌عات ١١ـی پێشنیوەڕۆ لە ھۆڵی شەھید سەعد عەبدوڵا لە شاری ھەولێر کۆبوونەوەی پێنج‌قۆڵی لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت."

د.فرسەت سۆفی وتیشی، کۆبوونەوەکە بۆ سازان و ڕێککەوتن دەبێت لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان.



PM:07:43:25/08/2015