حیزبی شیوعی بەشداری کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ناکات

حیزبی شیوعی رایدەگەیەنێت بەشداری کۆبوونەوەی ٨/٣٠ پێنج لایەنەکە لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم ناکات.

عەبدولرەحمان فارس ناسراو بە ( ئەبو کاروان ) پەرلەمانتاری حیزبی شیوعی لە لێدوانێکیدا بۆ سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوان بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە ناکەن.

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی" حیزبی شیوعی لەکاتێکدا کە بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات، راشیدەگەیەنین نە نوێنەرایەتی هیچ لایەنێک دەکەین، نە نوێنەرایەتی کەسیش قبووڵ دەکەین".

وا بڕیارە رۆژی ٨/٣٠ پێنج لایەنەکە کۆبوونەوەیەکی تر سازبکەن، لە کۆبوونەوەی ئەمجارەدا وەک حیزبەکانیان راگەیاندووە بۆ هەر چوار لایەنی ( شیوعی، سۆسیالیست، بزووتنەوەی ئیسلامی، ئاراستەی سێهەم ) یەک نوێنەر و بۆ تورکمانەکانیش یەک نوێنەر، تا ئێستا هەردوو لایەنی شیوعی و بزووتنەوە رەتیان کردۆتەوە کەبەشداری کۆبوونەوە بکەن، هەرچی پارتیشە بەو پێیەی رای سۆسیالیست لەوانەوە نزیکە دەیانەوێت سۆسیالست نوێنەرایەتی ئەو چوار لایەنە بکات. 



PM:08:33:28/08/2015