کۆبوونەوەی داهاتووی پێنج لایەنەکە یەکلاییکەرەوە دەبێت

کۆبوونەوەی پێنج لایەنەکە کە بڕیارە یەک شەممەی داهاتوو سازبکرێت یەکلایی کەرەوە دەبێت، چونکە باس لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و شێوزای هەڵبژاردنی دەکرێت.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و وەفدی دانوستنکاری ئەو حیزبە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژاسنی ئاندۆڵ دەڵێت" كۆبوونەوەی داهاتوو هەوڵ دەدەین بچینە سەر بژاردەكان بە تایبەتی هەڵبژاردنی سەرۆك لە ناو پەرلەمان یان دەرەوەی پەرلەمان، هەروەها لەبارەی دەسەڵاتەكان و پێداچوونەوەی، ئەگەر لەو كۆبوونەوەیەدا بەرەو پێشچوون هەبێت دەتوانین لە كۆبوونەوەكانی دواتریشدا بەرەوپێشچونی زیاتر بەدەست بهێنین، بەپێچەوانەوە ئەگەر هەنگاوی باشتر نەبێت كۆبوونەوەكانی دواتریش ناتوانین بەرەو پێشەوە بچین".

ئەو دەڵێت" كۆبوونەوەكانی پێشتر باشتر بوون لە كۆبوونەوەی ئەمجارە و تا رادەیەك بەرەو پێشچون هەبوو، بەڵام لە كۆبوونەوەی ئەمجارەدا جۆرێك دوركەوتنەوە لەیەكتر هەبوو".

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ئامادەیی حزبەكەی و لایەنەكانی تریشی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت نیشان دەدات و بە چارەسەری دۆخەكەی دەزانێت و لەو بارەیەوە دەڵێت: لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئامادەیی خۆمان بۆ ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەخت راگەیاند، ئەوەش تاكە چارەسەر نییە بۆ هەرێمی كوردستان بەڵكو لە هەموو قەیرانەكانی وڵاتانی دونیا ئەگەر لایەنەكان نەگەنە رێكەوتن بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت دەدەن. لە هەرێمی كوردستان تائێستا نەگەیشتوینەتە رێكەوتن، بەڵام یەكێك لە ئەگەرە بەهێزەكان ئەوەیە كە ئەگەر نەمان توانی بگەینە رێكەوتن و بە بنبەست گەیشتین بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت بچین". 
ئەسەسەرد دەڵێت : بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت هەر پێنج لایەنەكە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە، ئەوەی دەمێنێتەوە كات و شێوە و خۆئامادەكردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، هەروەها ئەو ماوەیەی دەكەوێتە نێوان لە ئێستاوە تاكاتی هەڵبژاردنەكە چۆنە ئەوەش هەر كێشەی لەسەرە. هەلومەرج و دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان خۆی لە خۆیدا ئاسایی نییە، بەڵام بەو شێوەیەش خراپ نییە كە دەرفەتێك نەبێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت. ئێمە لە هەرێمی كوردستان لە سنووری توركیاوە تا خانەقین هەمووی لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمدایە و كێشەیەكی ئەوتۆمان نییە، ئەم هەڵبژاردنەش هەڵبژاردنی ناوخۆی هەرێمە و ناوچەكانی مادەی 140 ناگرێتەوە".






 



AM:08:55:03/09/2015