بۆ یەکێتی: قەیدی چییە چاکسازی لە حیزبەکەی تۆەوە دەستپێبکات

پەرلەمانتارێکی پارتی لەسەر هەڵوەشانەوەی بڕیاری دامەزراندنی ٤٠٠٠ هەزار کادیرەکەی یەکێتی وەڵامی، د. عێزەت سابیر دەداتەوەو دەڵێت: قەیدی چییە با چاکسازی لە حیزبەکەی تۆو منەوە دەستپێبکات.  

 جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، دڵشاد شەعبان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دەڵێت: "دڵنیام لەوەی سەرۆكی حكوومەت خاتری زۆری نامەكەی (كاك كۆسرەت) پێشمەرگە و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێت لە دووبارە پێداچوونەوە بە فایلی ئەو كادیرانەی ئێوە، بەڵام چی لەو لیستەی ژنەكانی شاخ دەكەی كە بە ناوی ( شاناز ئیبراهیم ئەحمەد)ـەوە دەست پێ دەكات بە پلەی عەمید كە لە راستیدا (404) ژن نین، بەڵكە زیاترە لە ( 900) ژن كە لیستەكەیش لە بەردەستی مندایە، بێجگە لەو مووچەخۆرانەی بە ناو پیشمەرگەن كە رۆژێك بەرەی شەڕیان نەدیوە و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژكار و هتد.. كە رۆژێكیش كارمەندی حكوومەت نەبوونە. ئەم نموونانەی كە باسم كرد، هەموو حزبەكان هەیانە بە حزبی منیشەوە، بۆیە لێت دەپرسم ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە ئەمانە لە چوارچێوەی یاسادا رێك بخرێن؟ ئایا مەعقولە كادیرێك بە پلەی راوێژكار و بەڕێوەبەر "لە هەر حزبێكدا بێت" دابمەزرێت بە بێ ئەوەی فەرمانی دامەزراندن و تەنانەت بڕوانامەی هەبێت و لە بووجەی گشتیدا مووچە وەربگرێت و لەسەر حسابی بوودجەی گشتی بێت؟"

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، لە وەڵامی لێدوانێكی سەرۆكی لیژنەی داراییدا كە رەخنەی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی رێكخراوەكان گرت، دەڵێت: "قسەكانی (د. عیززەت)، دەبێ لە ئاستی پۆستەكەی و تایبەتمەندییەكەیدا بێ لە بواری ئابووریدا، ئەگەر بە كردار لە ئاست قسەكانیدایە كە لە دانیشتنە گشتی و تایبەتەكاندا بوونەتە راپۆرتی كۆبوونەوەكان و بە راستی تیۆری موجەرەد نین، جا قەیدی چییە ئەگەر ئەم چاكسازیانە لە حزبەكەی ئەو یان هەر لایەنێكی دیكەوە دەست پێ بكات".

دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕاشیگەیاند: "لە نێوان قسەكردن و كردار لە ژیاندا زۆر رووی ئزیدواجییەت و تەناقز بوونی هەیە، بۆ نموونە هەندێ كەس رۆژانە باس لە هەندێ تیوری (موجەرەد) دەكەن لە هەندێك دانیشتنی گشتی و تایبەتدا، بەڵام لە واقیعدا بە تەواوی بە پێچەوانەی قسەكانیان هەڵسوكەوت دەكەن، تۆ بڵێی تا چ ڕادەیەك ئەم كەسانە بە قسەكانی خۆیان پابەند بن تەنانەت ئەگەر بە بەشێكی سادەیش بێت! ئەگەر نیەتمان چاكسازیی ئابووری بێت، هیچ مەعقولییەتێكی تێدا نییە تەنیا باس لە بەدەستهێنان (مكاسب) بكەین و قسە لەسەر ئەنجام و تەكلیفەی ئەو بەدەستهێنانە نەكەین".



AM:10:04:05/09/2015