په‌رله‌مانی كوردستان موچه‌ی پله تایبه‌ته‌كان كه‌مده‌كاته‌وه
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاریدا لیژنه‌ی دارایی و یاسایی په‌رله‌مان راسپێرن كه راپۆرتی تایبه‌ت به دادپه‌روه‌ریی له مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و رێكخستنه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پله تایبه‌ته‌كانی كوردستان ئاماده بكه‌ن.
له راگه‌یاندراوێكدا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان هاتووە: ئه‌مڕۆ 8-9-2015 كۆمه‌ڵێك له‌چالاكوانان و رۆژنامه‌نووسان له دوو كۆبوونه‌وه‌ی جیاوازدا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌و داوایانكرد په‌رله‌مانی كوردستان په‌له‌بكات له‌كه‌مكردنه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ی مووچه‌ی پله باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانیش بڕیاریاندا لیژنه‌ی دارایی و یاسایی په‌رله‌مان راسپێرن كه راپۆرتی تایبه‌ت به‌دادپه‌روه‌ری له‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و رێكخستنه‌وه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی پله تایبه‌ته‌كانی كوردستان ئاماده‌بكه‌ن و له‌په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندبكرێت.
له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا، د.یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان سورن له‌سه‌ر چاكسازی و دادپه‌روه‌ری له‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند پرۆژه یاسایه‌ك له‌په‌رله‌مانه‌و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میشی بۆ كراوه، هه‌روه‌ها ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستانیش له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به‌چاكسازی و دادپه‌روه‌ری هه‌یه له‌بواره جیاوازه‌كاندا.
لای خۆشیه‌وه د.جه‌عفه‌ر ئیمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند كه ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان له‌هه‌ماهه‌نگیدا ده‌بن بۆئه‌وه‌ی به‌زووترین كات پرۆژه‌ی دادپه‌روه‌ری مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پله تایبه‌ته‌كان رێكبخرێته‌وه.
PM:01:39:08/09/2015