پەیجی فەرمی پارتی نەوشیروان مستەفا بەپۆل پۆتی دیکتاتۆر وەسفدەکات

‌بارزانی و نەوشیروان لە هاوڕێوە بۆ پۆل پۆت
هەرچەندە لە کۆبوونەوەی ٩/١٧ پێنج لایەنەکە بڕیار لەسەر راگرتنی هێرشی راگەیاندن درا، بەڵام ئەمڕۆ پەیجی فەرمی پارتی هێرشێکی توند دەکاتە سەر نەوشیروان مستەفاو بە پۆل پۆت و دیکتاتۆر ناوزەدی دەکات.

لەبەشی شرۆڤەو بۆچوونی ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتارێک بەناونیشانی " چارەسەر، گۆڕینی ناخی نەوشیروانە" وتارێکی بێ ناوی نوسەر نوسراوەو، هێرشێکی زۆر توند دەکاتە سەر نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.

لە وتارەکەدا کە نەوشیروان بە کەسایەتییەکی "سلبی" ناوزەد دەکات، هاتووە: تەجرەبەكانی پەنجا ساڵی ڕابردووی ژیانی سیاسی نەوشیروان تا ئەمڕۆ دەیسەلمێنن، ناڕازیبوونێتی لە هەموو شتێك و لە هەموو كات و باروزروفێكدا، دژایەتیی بێپاساوی تەواوی هەڵوێستەكان، كەسەكان، پشتكردنە هەموو بەڵێن و پەیمانێكی سیاسی. تا وای لێهاتووە، سەلبییەت و نەوشیروان، بوونەتە دووانەیەكی لە جیاكردنەوە نەهاتوو، مەگەر ئێستا كە تەمەنی هەڵكشاوە، شەخسی خۆی بڕیاری گۆڕین و هەڵگەڕانەوە لەو سەلبییەتە بدات.

 لە وتارەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە " سەلبییەتی نەوشیروان، بە مانای نەناسین و تێپەڕاندنی هەموو بەهایەكی سیاسی، بەرامبەر نێزیكترین هاوەڵ و هاوسەنگەرانی خۆی، تا دەگاتە مونافیس و خەلًكی تر".

لە وتاری " چارەسەر، گۆڕینی ناخی نەوشیروانە"دا هاتووە" چارەسەری ڕاستەقینەی ئەزمەكانی ئەمڕۆی كوردستان، لە گۆڕینی ئەو سەلبییەتە چەقبەستووەی ناخی نەوشیروانەوە دەست پێ دەكات، ئەوەش تەنیا بە خۆی دەكرێت. "گۆڕان" دەبێت لە گۆڕێنی ناخی ڕێكخەرەكەیەوە دەست بە گۆڕینی كوردستان بكات.

وەك چۆن پۆل پۆت، مرد و تەفسیرێكی بۆ لەنێوبردنی ملیۆنان ئینسانی كەمبۆدی نەدا، نەوشیروان مستەفایش، ئەگەر بڕیارێكی مێژوویی گۆڕینی كەسێتیی خۆی نەدات، تا ماوە، تەفسیرێكی ئەو سەلبییەتە زیانبەخش و وێرانكەرەی ناخی پێ ناكرێت.
پۆل پۆت، نیشانەی نەگبەتیی میللەتێكی شۆڕشگێڕ بوو، سەلبییەتی نەوشیروانیش بۆ كورد هەروا". 



PM:09:51:19/09/2015