كەمال كەركوكی لەکۆنگرەی پەیەدە لەبری بارزانی خوێندنەوەی یەکەم وتاری پێدرا

ئەگەرچی بڕیاربوو لەكۆنگرەی شەشەمی پەیەدە، كە رۆژی (20/9/2015) لەشاری رومێلانی رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەچوو، وتاری مەسعود بارزانی بخوێندرێتەوە، بەڵام كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتارێك بەناوی خۆیەوە دەخوێنێتەوەو تەنها بەدێڕێك سڵاوی مەسعود بارزانی وەك "سەرۆكی هەرێم"، ئاراستەی كۆنگرەكە دەكات.

بەپێی زانیارییەکانی دەست سپی کەوتووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی كەمال كەركوكی شەوی پێش كۆنگرەكە بەلیژنەی سەرپەرشتیاری راگەیاندبوو كە بەنوێنەرایەتی بارزانی، بەشداری كۆنگرەكە دەكات‌و وتاری "سەرۆكی هەرێم" پێشكەش دەكات، بەڵام لەرۆژی كۆنگرەكەدا وتارەكەی بەناوی خۆیەوە پێشكەش كرد.

سەرچاوە ئاگادارەکە کە بەشداربووەیەکی کۆنگرە بوو بە سپی راگەیاند:
-شەوی 19\20، لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرەی شەشەمی پەیەدە، لەشوێنی حەوانەیان، سەردانی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕ‌و سەرۆكی وەفدە باڵاكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد‌و پێیانڕاگەیاند، كە: وتارەكەی وەكو یەكەمین وتار دەستنیشانكراوە بخوێندرێتەوە.

پێشیان وت: كەمال كەركوكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی،  پێی راگەیاندون كە " ئەو وەك نوێنەری سەرۆكی هەرێم، بەشداری كۆنگرەكە دەكات‌و وتاری مەسعود بارزانیش دەخوێنێتەوە".
سەرچاوەكە، وتیشی: كاتێك مەلا بەختیار، لەزمانی لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرەكەوە زانی كە وتاریی مەسعود بارزانییش دەخوێندرێتەوە، لەبەرامبەرداو وەك رێزلێگرتنێك لەبارزانی، بە دەق بەلیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرەكەی رایگەیاند: 
"وەكو ئیحترامێك بۆ جەنابی كاك مەسعود، با وتارەكەی بەڕێزیان پێشبخەن‌و دوای ئەو، من، وتارەكەم دەخوێنمەوە".

سەرچاوەكە زیاتر دواو زانیاری ئەوەشیخستەڕوو: بەڵام رۆژی كۆنگرەكە، بەپێچەوانەی قسەكانی خۆیەوە، كەمال كەركوكی، لەبری وتاری سەرۆكی هەرێم، وتارەكەی بەناوی خۆیەوە پێشكەش كردو تەنها بەدێڕێك سڵاوی بارزانی گەیاندە كۆنگرەكە، بۆیە ئەم هەڵوێستە، نیگەرانی لای زۆرێك لەئامادەبووانی كۆنگرەكە دروستكرد، چونكە كەمال كەركوكی خۆی رایگەیاندبوو بەنوێنەرایەتی بارزانی بەشداری كۆنگرەكە دەكات‌و وتاری ئەو پێشكەش دەكات، بۆیە هەمووان چاوەڕێ‌ بوون مەسعود بارزانی لەڕێگەی ئەندامەكەی مەكتەب سیاسی حزبەكەیەوە، بەوتارێك كە خزمەت بەئاراستەی یەكڕیزی نەتەوەیی‌و بكات، تیایدا پشتیوانی خۆی بۆ بەرخودانی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرا بكات، بەڵام ئەم هەڵوێستە بووە مایەی پرسیارێكی زۆر لای ئامادەبووان.

کۆنگرەی پەیەدە کە ٩/٢٠ لە رۆژئاوا سازکرا، دوای وتاری بەرپرسانی ئەو پەیەدە وتاری کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی خوێندرایەوەو دواتر وتاری یەکێتی.

حیزبە کوردستانییەکان هەمیشە لەکۆنگرەو کۆنفرانسەکاندا کێبەركێیانە لەسەر ئەو لایەنەی وتاری یەکەم دەخوێنێتەوە. 




PM:11:15:21/09/2015