پارتی قسەی خۆی بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی پێنج لایەنەکە کرد

کۆبوونەوەی پێنج لایەنەکە کە بڕیارە ١٠/٦ سازبکرێت، پارتی هەر لە ئێستاوە قسەی خۆی کردووەو پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت" نێچیرڤان بارزانی چی لەسەر ئەو پرسە وتووە، ئەوە لێدوانی فەرمی پارتییە".

فەرحان جەوهەر ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنیوز رایگەیاندوە" قسە و لێدوانێكی نێچیرڤان بارزانی، قسە و لێدوانی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەشداوە" نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیە و كەسی دوەمە و قسەكانیش دەبێتە قسەی فەرمی ئەو حزبە. "

لەچەند ڕۆژی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی، رایگەیاند"  ئەو بژاردانەی لەلایەن چوارلایەنەكەوە خراونەتە بەردەم پارتی سەیرن، ئەو بژاردانە دەبوایە پێچەوانە بێ، دەبوایە ئەگەر سەرۆك لەنێو خەڵك هەڵبژێردرێت چونكە شەرعیەتی لەلایەن خەڵكەوە وەرگرتووە دەسەڵاتی زیاتر بێت و بژاردەی دیكە ئەگەر لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت دەسەڵاتی كەمتر بێت".
 
ئەوقسانەی نێچیرڤان بارزانی بووە مایەی ناڕەزایی چوار لایەنەکە.



PM:07:46:29/09/2015