چالاکیەک دژی کۆبوونەوە بێ بەرهەمەکانی پێنج حیزبەکە سازدەکرێت

وابڕیارە لەسلێمانی رۆژی ١٠/٦ دژی بێ بەرهەمی کۆبوونەوەکانی پێنج لایەنەکە لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و فەرامۆشکردنی ژیانی هاوڵاتیان، چالاکییەک ئەنجام بدرێت.

ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووس و نوسەر، داوا لە خەڵکی دەکەن بەشداریان بکات لەو چالاکییەدا کە لەبەرنامەیاندایە رۆژی ١٠/٦ لە سلێمانی لەبەردەم گراند میلینیۆمدا سازی بکەن و یاداشتنامەیەکی شەشی خاڵی ئاراستەی کۆبوونەوەی پێنج لایەنەکە بکەن.

لە بانگەوازێکی ئەو چالاکیەدا کە کۆپیەکی بۆ سپی نێردراوە، هاتووە" وەک دەزانن ماوەیەکی زۆرە هەر 5 حزبە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەتی هەرێم، بە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵییەوە سەرقاڵبوون و ئاگایان لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان نییە".

ئەو کۆبوونەوەیە کە ١٠/٦ لە هۆتێل گراند میلینیۆم لە سلێمانی سازدەکرێت، بەپێی بانگەوازی چالاکوانەکان لەبەردەم هۆڵی کۆبوونەوەکەدا چالاکییەکە ئەنجام دەدەن.
 
دەقی بانگەوازەکە:

 بۆ سەرجەم رۆشنبیران، نووسەران ، هونەرمەندان و چالاكوانان و رێکخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و هەموو ئازادیخوازان و هاووڵاتیان و خەڵکی كوردستان

 وەک دەزانن ماوەیەکی زۆرە هەر 5 حزبە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەتی هەرێم، بە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵییەوە سەرقاڵبوون و ئاگایان لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان نییە و بە ئەستەم دەتوانرێت كاری حزب و حكومەت و پەرلەمان لە ئێستادا لەیەك جیابكرێتەوە، هەربۆیە ئێمە وەك كۆمەڵێك لە رێكخراوو چالاكوان و رۆژنامەنووس و هاووڵاتی ئەم هەرێمە، بە پێویست و ئەرکێکی نیشتمانی دەزانین كەبانگهێشتان بكەین بۆ ئەنجامدانی چالاكییەكی مەدەنی لە رۆژی 6 مانگ كەكۆبوونەوەی نۆیەمی 5 قۆڵی تێدا ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی كۆتایی هێنان بە كۆبوونەوە، كۆتا نەهاتووەكان و پێدانی ئەم یاداشتە بەهەر 5 لایەن.. بەشداریكردن و بانگهێشتكردنی هاوڕێکانت دەبێتە زیاتركردنی ئەم فشارەی كەهەموو لایەك دەستی داوەتێ. ئەم چالاكییە بۆ رۆژی 6مانگەو لەبەردەم هۆڵی كۆبوونەوەی 5 قۆڵیدا، ئەنجام دەدرێت و یاداشتەكەمان پێشكەش دەكرێت. یاداشتەکە لەشەش خاڵ پێکهاتووە کەپەیوەندی بەقەیرانەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە هەیە.



PM:03:45:04/10/2015