سەعدی پیرە وردەکاری کۆبوونەوەی پێنج لایەنەکە بۆ سپی ئاشکرا دەکات

سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: لە کۆبوونەوەی دوێنێی پێنج لایەنەکەدا نەگەیشتینە ئەنجام.

لە لێدوانێکدا بۆ سپی، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند" لەکۆبوونەوەی دوێنێدا نەگەیشتینە ئەنجام و دوورین لەیەکتری و جیاوازی زۆر لەنێوانماندا هەیە".

ناوبراو هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا پارتی رایەکی نوێیان پێشان بدات و نەرمی بنوێنێت تا بگەنە رێککەوتن.

پیرە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو وەرەقەیەی پارتی ئامادەی کردووەو دوێنی لە کۆبوونەوەکەدا خستیە بەردەستمان، لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم کە لەیاسای ژمارە ١ی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٠٥ دا هاتووە، زیاتریان داوا کردووە.

ناوبراو ئەوەی ئاشکرا کرد کە پارتی هەتا هێندەی ئەو بەڵێنانەشیان پێشکەش نەکردووە کە لەکۆبوونەوەی ٩/١٨ بە ئامادەبوونی ئەمەریکیەکان و جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەیان بۆ کرد، بگرە هێندەی وتارەکەی کاک مسعودیشیان پێشکەش چوار لایەنەکە نەکردووە کە بەبۆنەی جەژی قوربانەوە ئاراستەی خەڵکی کوردستان و لایەنەکانیان کرد.

لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، دوێنی ١٠/٨ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لەسلێمانی بەڕێوەچوو بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی هەبێت. 




AM:11:52:09/10/2015