سپی زانیاری ورد لەسەر رووداوەکەی قەلآدزە بلآودەکاتەوە ١ شەهیدو ٥ بریندار هەیە

رووداوەکەی قەڵادزە پەرەدەسێنێت و شەهیدێک و پێنج بریندار هەیە، سپی زانیاری ورد بڵاودەکاتەوەو سپی لەزمانی شاهێد حالێکەوە زانیاری ورد بڵاودەکاتەوە.

هاوڵاتی عەلی قەڵادزێی کە لەکاتی رووداوەکەدا وەک هاوڵاتییەکە لەوێ بووەو هەولێ هێورکردنەوەی بارودۆخەکەی داوە، بە سپی راگەیاند" پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ٢ ژمارەیەک گەنج کە نزیکەی شەش سەد کەس دەبوون هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی دەستیان بەخۆپیشاندان کردو درووشمی مێدانی مووچە و دژە گەندەڵیان دەووتەوەو چوونە بەردەم قائیمقامیەتی قەزاکەو داوا ئەوەیان کرد قائیمقام ببینن، بەڵام قائیمقام نەیبینن و چەند بەردێکیان ئاراستەی بینایەی قائیمقامیەت کرد".

هاوڵاتی عەلی قەڵادزێی لە درێژەی باسکردنی رووداوەکانی خۆپیشاندانەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دوای ئەوەی قائیمقام نەیبینن، خۆپیشاندەران روویان کردە بینای لیژنەی ناوچەی قەڵادزێی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ٥٠٠ مەتر دوور لە بینایەی قائیمقامەوەو لەوێ بارەگاکەیان  بەر بەرددا، بەڵام هەر زوو پاسەوانەکانی بارەگاکە لێیان هاتنە دەست و تەقەیان بەناو خۆپیشاندەراندا کرد.

ئەو شایەتحاڵە پێیوایە ئەو بەردانەی خۆپیشاندەران گرتیانە بارەگای پارتی لەو ئاستەدا نەبوو کە پاسەوانەکان بە گوولە وەڵامیان بدەنەوە.
عەلی قەڵادزێی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەنزیک بارەگای پارتی ژمارەیەک ئاسایش هەبوون، بەڵام نەسەرەتا گەنجەکانیان دوورخستەوە، نە لەکاتی تەقەشدا بەریان گرت لە پاسەوانەکانی بارەگای پارتی تەقە تا تەقە نەکەن.

ئەو شایەتحالە باس لەوە دەکات لەو تەقانەدا یەک گەنج بەناوی محەمەد رەسوڵەوە کە ٢١ ساڵە گیانی لەدەستداوەو پێنج هاوڵاتی تر برینداربوون.
ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دوای ئەوەی پاسەوانەکانی ئەو ناوچەیە تەقەیان لە هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر کرد، ئێستا خۆپیشاندانەکە یئاراستەکەی گۆڕاوەو بۆتە خۆپیشاندان دژی پارتی و بارزانی.

سەبارەت بەبارودۆخی ئێستای قەڵادزە، عەلی قەڵادزێی جەژن لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دوای ئەوەی رووداوەکە تەقەو شەهیدی تێکەوت ئێستا ژمارەی خۆپیشاندەران زۆر زیادبوون و مەترسی گەورەبوونی دۆخەکەی لیدەکرێت، هەرچەندە خەڵک و لایەنەکان و بەرپرسانی حکومی سەرقاڵی گەمارۆدان و نەهێشتنی کێشەکەن. 



PM:08:01:09/10/2015