گٶران لەسەر رووداوەکەی قەڵادزە راگەیەنراوێک بڵاودەکاتەوە

لەسەر رووداوەکەی شاری قەڵادزە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیەنراوێک دەردەکات و داوا دەکات ئارامی و هێمنی بپارێزرێت.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان..

لەم سەروەختەی باری ناهەمواری شەڕی داعش و قارەمانێتی و گیانفیدایی پێشمەرگە، ئاڵۆزی سیاسی و سەربازی، لێكەوتەكانی پشتیوانی و دەستێوەردانی هێزە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئەرز و روداوەكانی ناوچەكە، هەمو ئەمانە ئایندەی چارەنوسی میللەتەكەمانی لەناو هاوكێشە سیاسییەكاندا ناڕۆشن  و نادیار كردوە. 
ئێمە لەبەردەم بەرپرسیارێتی قۆناغەكە و بەرگری و پشتیوانی خەڵك و خاكی كورستانداین، هەر بەو گیانی مەسئولیەتەوە شانمان دایە بەر راستكردنەوە و رێكخستنەوە و چاكسازی، بە بەشداریكردنمان لە حكومەتی بنكە فراوان و خوڵقاندنی كەشی ئارام و هاوبەشیكردن لەگەڵ زۆرینەی هێزە سیاسیەكانی كوردستاندا.
ئێستاش قەیرانەكانی باری ناهەمواری كۆمەڵایەتی، ئابوری و دارایی، بژێوی ژیانی خەڵك بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتوە، سەرباری تەنگژەی سیاسی و یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و ململانێ و گفتوگۆی هێزە سیاسەییەكان بۆ رێگەچارە و دەربازبون لە كۆی قەیرانەكان، ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جەماوەری هاتوەتە ئاراوە.
بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی و مەدەنیی بێچەك، بڕوای تەواوی بە خەباتی پەرلەمانی و تێكۆشانی كەناڵەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، لەو روانگەیەوە ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە، بە مافی رەوای خەڵك و گروپ و تاكەكانی كۆمەڵی كوردەواری دەبینین، لە هەمو كات زیاتریش ئارامی و هێمنی شەقام و دان بەخۆداگرتن بە پێویست دەزانین.
لە هەمان كاتدا توندوتیژی، كوشتن و تەقەكردن بەرامبەر هاوڵاتیان و دام و دەزگا حكومی و حیزبییەكان و موڵك و ماڵی گشتی ئیدانە دەكەین، داواش لە خەڵكی هەرێمی كوردستان و دۆست و لایەنگرانی بزوتنەوەكەمان دەكەین:
_پشتیوانی و هاوكاریی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بكەن.
_رێگە نەدەن بە مەبەستی تر و جێبەجێكردنی ئەجێندای هیچ هێزێك، بارودۆخی شەقام و بازاڕ و گوزەرانی خەڵك بشێوێنرێت و داوا رەواكانتان بەلاڕێدا ببرێت.
لەكۆتاییدا، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین و هیوای زوچاكبونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.

بزوتنەوەی گۆڕان



PM:11:21:09/10/2015