خۆپیشاندان و بایکۆتی دەوام زیاتر پەرەدەستێنێت

ئەمرۆش وەك رۆژانی رابردوو و بەشێوی فراوانتر خۆپیشاندان‌و مانگرتن لە چەندین شار‌و قەزای پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە بەڕێوەچوو و بێجگە لەپەروەردە چەند شوێنی دیكەش بایكۆتی دەوامیان كرد.

لەسلێمانی جارێكی دیكە ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی كۆبوونەوە‌و سووربونی خۆیان لەسەر داواكارییەكانیان‌و پێدانی موچەكانیان راگەیاند تا ئەو كاتەش بایكۆتی پۆلەكانی خوێندن دەكەن.

هەر ئەمرۆ  هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتی چاپەمەنییەكان‌و دادگای سلێمانی‌و فەرمانبەرانی ئامێرسازی شارەوانی سلێمانی بە مامۆستایانی خۆپیشاندەر پەیوەست بوون‌و بە بایكۆتكردنی دەوامی فەرمی، پشتیوانی خۆیان بۆ مامۆستایان راگەیاند.

لەسنوری پارێزگای ھەڵەبجەش مامۆستایانی سنوری قەزاكانی پێنجوێن، شارەزوور، هەورامان، خورماڵ‌و فەرمانبەرانی سەرۆكایەیت شارەوانی سەیدسادق، فەرمانگەی دادنوس، فەرمانگەی كارەبای عەرەب‌و زۆربەی دەزگای فەرمییەكانی هەڵەبجە خۆپیشاندانیان كرد‌و رایانگەیاند تا پێدانی موچەكانیان بایكۆتی دەوام دەكەن.



PM:01:44:18/10/2015