پەرلەمانتارێكی پارتی: دەستی دەزگا ئەمنیەکان خۆش بێت بۆ داخستنی KNN‌و NRT

سەبارەت بە داخستنی ئۆفیسەكانی هەر دوو كەناڵی (KNN)‌و (NRT) لە هەولێر‌و دهۆك، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: دەستی دەزگا ئەمنییەكان خۆش بێ.

نازم ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حیزبەكەی وت: "گەر لایەنە ئەمنیەکان ھەستیان بەوە کرد دەزگا و میدیایەک کار بۆ تێکدانی ھەرێم ده‌كات‌، پێویستە دەستبەجێ ئەو کەناڵە دابخات و، خه‌ڵكیان لێ بپارێزن؛ بۆیە هەق وا بوو کەناڵی کەی‌ئێن‌‌ئێن‌ و ئێن‌ئاڕتیی زووتر لەوەیش داخرابان، چونکە ئەمانە خەڵکیان ھان داوە و بوونەتە ھۆی هەڵگیرساندنی گرژی و ئاڵۆزی، یەکێک لە ھۆکاری گرژیەکان سلێمانی‌ ئێن‌‌ئاڕتی و کەی‌ئێن‌‌ئێن‌ بوون، چونکە خەڵکیان ھان دەدا ھێرش بکەنە سەربارەگاکان و توندوتیژی بکەن."

وتیشی، جگە لە داخستنی ئەو دوو کەناڵە پێویستە لێیان بپێچنەوە و سزای توند بدرێن، چونکە ئەوان ھۆکاری ئەو توندوتیژیانە بوونە، کە خەڵکی بوونە قوربانی و دامەزراوەی گشتی و ئاڵاکان سووتێندران.

ھەرکی وتیشی، نەدەبوو وەزارەتی ڕۆشنبیر بێدەنگ بێت و، دەبا ھەڵوێستی ھەبووایە لە بەرانبەر ئەو کارانەی ئەو دوو کەناڵە و ڕێکاری یاسایی بگرێتە بەر، چونکە ناکرێت میدیا بەو جۆرە مامەڵە بکەن و، گرژی بنێنەوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر دەزگا ئەمنیەکان ئەو کارەیان نەکردبایە، ھەوڵیان دەدا بە ھاندانی خەڵکی، هەولێریشی تێوە بگلێنن، بۆیە دەستی دەزگا ئەمنیەکان خۆش بێت، با ھیچ میدیایەکی دیکە ئەو کارە دووبارە نەکاتەوە.



PM:11:51:25/10/2015