ئەڵمانیا ئامادەیە رۆڵی ناوبژیوانی نێوان لایەنەکانی هەرێم ببینێت

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی، قونسڵی ئەڵمانیا رایگەیاند " ئەڵمانیا دەستێوەردان لەباری ناوخۆیی ناكات، مەگەر لایەنە سیاسیەكان داوا بكەن، ئەو دەمە ئەڵمانیا ئامادەیە ئەو رۆڵە ببینێ"‌.

لەکۆبوونەوەیەکدا لەسلێمانی لەگەڵ عومەر فەتاح كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قونسڵی گشتی ئەڵمانیا لەهەولێر، مارک ئایهۆرن وتی " هەرێمی كوردستان بۆ ئەڵمانیا جێگای بایەخێكی گەورەیە، بۆیە گرنگە هەموو لایەنەكان بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ"، هەروەها وتیشی " لەدیموكراسیدا دەكرێ‌ لایەنەكان هاوپەیمانێتی نێوانیان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام لەچوارچێوەی دیموكراسیدا بێت نەك بەتوندوتیژی". ( ئاماژەیە بۆئەوەی کە دەکرا پەرلەمان و حکومەتی هەرێم لە رێگای یاساییەوە هەڵوەشێنرایەتەوە ).

عومەر فەتاح کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەو کۆبوونەوەیەدا وتی" یەكێتی لەهەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكەو گەڕانەوەی لایەنەكان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی كۆبوونەوەی لوتكەمان كردووە بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان راشكاوانە قسەی خۆیان بكەن".

كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر مارک ئایهۆرن لەو کۆبوونەوەیەدا رایگەیاندووە: هەرێمی كوردستان بەلای ئێمەوە سمبوڵی ئارامی و سەقامگیرییە لە ناوچەكەداو بەلامانەوە گرنگە هەروا بمێنێتەوە، ئەم رۆژگارانەی هەرێمی كوردستان پێدا تێدەپەڕێت ئاسان نیە، لەلایەكەوە شەڕی دژی داعش كە خۆشبەختانە لەلایەن پێشمەرگەوە سەركەوتوانە شەڕەكە كراوە، لەلایەكی تریش كێشەی ئابوری، كە ئێستا كاتی هاتووە چاكسازی لەو بوارەشدا بكرێ‌، هەروەها گرفت و قەیرانی سیاسی كە لەم مانگەدا گەیشتە دۆخێكی نەخوازراو".
قونسڵی گشتی ئەڵمانیا جگە لەسەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، هەر ئەمڕۆ لەسلێمانی سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د. یوسف محەمەدیشی لە نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە سلێمانی کرد.



PM:07:25:26/10/2015