ئەمەریکا هێز رەوانەی رۆژئاوا دەکات

بەفەرمانی ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا هێزێکی سەربازی تایبەت رەوانەی رۆژئاوا دەکات بەمەبەستی هاریکاریکردنی ئەو هێزانەی لەو وڵاتە دژی داعش دەجەنگن.

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە " ئۆباما فەرمانی کردووە نزیکەی 50 سەربازی هێزی تایبەت بۆ سوریا ڕەوانە بکرێن تاوەکو یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانان بدەن لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزە خۆجێـیەکان، ئەمە یەکەم جارە ئەمەریکا بە ئاشکرایی هێزی خۆی ڕوانەی سوریا بکات".

هەروەها یەکێـک لە کاربەدەسـتەکان وتویەتی فڕۆکەی جەنگی زیاتر بۆ ناوچەکە ڕەوانە دەکەن، لەوانە فڕۆکەکانی هەردوو جۆری F-15  و A-10S  بۆ بنکەی ئینچەرلیک لە تورکیا.

جێی ئاماژەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەماهەنگیـیەکی سەرکەوتووانە بووە لە نێوان هێزەکانی یەپەگە و فڕۆکەکانی هاوپەیمانانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا. سەرئەنجام توانراوە داعش لە بەشێـکی بەرچاوی باکوری سوریا وەدەرنێن.



PM:08:33:30/10/2015