بەرپرسی مەڵبەندی خانەقین: چەکدارە شیعەکان نەقیبێک‌و ٣ پێشمەرگەی پاسەوانی سەرۆک کۆماریان رفاندووە

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خانقین، شێرکۆ میروەیس رایگەیاند" ئەمڕۆ چەکدارە شیعەکان نەقیبێکی هێزی پێشمەرگەو سێ پێشمەرگەی تریان رفاندووە".

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی میدیا، شێرکۆ میرەویس رایگەیاند" لە کاتی گەڕانەوەیاندا بۆ هەرێمی کوردستان لە رێگای دیالە- خانەقین نەقیبێکی هێزی پێشمەرگەو سێ پاسەوانی تری سەرۆکی عێراق د. فواد مەعسوم لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە دەستگیردەکرێن و تا ئێستا بێ سەروشوێنن".

بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی پێیوایە ئەمە کاریگەری ئەو ناکۆکیەیە کە سێ رۆژە لە شاری خورماتوو لەنێوان حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە لە ئارادایە.

شیرکۆ میروەیس ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سەرپێچییەکانی حەشدی شەعبی هەموو سنورێکی بەزاندووە، "بەڵام تا ئێستا دانمان بەخۆماندا گرتووەو هیچ پەرچەکردارێک نانوێنین، ئەم دان بەخۆداگرتنەش سنوری هەیە".
   



PM:08:04:14/11/2015