پارتی بۆ مەلابەختیار: دوكانێكی هەنگوین بكەرەوە لە سیاسەت باشترە

لە راگەیەنراوێكدا فەرماندەیی پێشمەرگە لەمیحوەری رۆژئاوای دیجلە، سەر بە پارتی، هێرشێكی توند دەكاتە سەر مەلا بەختیار‌و ئامۆژگاری دەكات لە بری سیاسەتكردن بچێت دوكانێكی هەنگوین فرۆشتن بكاتەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا كە لە ژێر ناونیشانی (وەڵامێك بۆ وەڵامە هێمنەكەی (چاودێر)) نوسراوە هەڕەشەی ئەوەش كراوە كە ئەگەر مەلا بەختیار وەڵامیان بداتەوە، ئەوا لەسەر خودی خۆی قسەی تر دەكەن.

دەقی راگەیەنراوەكە:

كاكی كۆڕگێڕ ڕاستییەكەی قسەی بریقەدار و زمانی زبر تاكە پسپۆڕیی تۆیە، بەڵام نەماندەزانی ئەوەندە داخلەدڵی. ڕەنگە ناهەقیشت نەبێ لە ڕابردوودا هێندەت بێڕێزی پێ كراوە و كەسایەتیت تێكشكێندراوە، شیزۆفێرنیا دایگرتوویت. وەڵامە هێمنەكەت وەڵام نییە، بۆنی جەهلی فیتنەئەنگێزی لێ دێت و زۆر نامتەوازنە. شوكور ئامۆژگاریی ئێمەت بەهەند وەرگرت و جورئەتت نەكرد ئەمجارە بە ناوی مەكتەبی سیاسیی تێكۆشەری یەكێتی بنووسیت. سەلماندت بەشی زۆری ئەو بەیاننامانەی دەتنووسین هەڵوێستی یەكێتی و خەڵكە شەرەفمەندەكەی نییە.

لەجنێونامەكەتدا سووكایەتیت بە قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكانی میحوەری دیجلە كردووە. سەركەوتنمان چاك تووڕە و حەپەساوی كردووەی، بە دڵنیاییەوە ئەگەر لە سولالەی ڕەسەنی هەنگوین بای سەركەوتنی پێشمەرگە ئەوها ئازاری نەدەدای. بەیاننامەنووسی بەڕێز تكایە چیتر ئیستغلالی ناوی یەكێتی مەكە بۆ خزمەتكردنی گرێ دەروونییەكانت و، سووكایەتیكردن بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد.

نیشتیمانپەروەرانی ناو یەكێتی فریوی هەناسەی فیتنەگێڕ و درۆئامێز ناخۆن. ئەوان چاك ئەزانن كامانەن كە لە جنێو و شەڕی ناوخۆ و دووبەرەكیدا بازاڕیان گەرمە. مێژوویشمان باش وەبیرە بە مێژووی شەخسی بەیاننامەنووسیش كە چۆن ئیهانە و ڕیسوا كراوە. كۆڕگێڕی بەڕێز، ئێوە نەك تەنیا مایەی سەرئێشەن بۆ یەكێتی، بەڵكو هۆكاری بەلاڕێدابردنی بزاڤی كوردن لە بەشەكانی تریش. هەر ئەم هاندان و هاتوهاوار و دەنگەدەنگ و ڕاوێژە بێسەرووبەرەی ئێوە بوو، ڕێگەی نەدا كورد لە توركیا بچێتە دەسەڵات و كورسییەكانیشی كەم كردەوە.

بەیاننامەنووسە موزایەدەچییەكە ئەمجارەیان پیس سەنگەری لە پێشمەرگە و گەلی كوردستان گرتووە. پێشمەرگە قوربانی دەدات و نیشتیمانەكەی دەپارێزێت و دوژمن دەشكێنت، بەڵام ڕۆژێك لە ڕۆژان موزایەدە ناكات و لافی بێهوودە لێ نادات. پێشمەرگە تەنیا خاك و گەل دەبینێت و شكاندنی دوژمن، پێشمەرگە كاتی خۆی بە ئایدیۆلۆژییە سەیروسەمەرە شكستخواردووەكان بەفیڕۆ نادات، شێتی فەیسبووك و شاشە و دوڕوویی و خۆبادان و قیڕەقڕی پشت مایك نییە. پێشمەرگە ئەهلی كردەیە نەك قسەی بێ كردار. كە شەریكی حازرخۆری بەرسێبەر بۆ سەركەوتنی پێشمەرگە دەدۆزیتەوە، لە بیرت بێت و لەناو دوو نانی گەرم هەڵیگرە.

هەر خۆت و هاوشێوەكانت بوون كە ڕێگەتان بۆ هاتنی حەشدی‌شەعبی بۆ دوزخورماتوو خۆش كرد و چەندین ڕۆڵەی كوردتان بە كوشت دا و، ئێستایش نازانن چۆن خۆتانی لێ قوتار بكەن و هەر ئێوەیش دەبێ وەڵامی خەڵكی كوردستان بدەنەوە، كە بۆچی ناوچەیەكی كوردستانتان وا بە ئاسانی تەسلیمی لایەنێكی تر كردووە. ئەو مەعشوقانەی چاویان بە ئاڵای كوردستان هەڵنایەت ڕۆژێك لێتان دەبن بە كەڵەگا و پەنجەی پەشیمانی دەگەزن. ئەزانین قسەی تۆ لەبارەی حزبەكان وتەی یەكێتی نییە و پێویست بە وەڵام ناكات، بەڵام بۆ ئەوەی خوێنەرەكانت چەواشە نەكرێن، با بڕۆن سەرنج بدەن كە هەرێمی كوردستان بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا چیی كردووە. چۆن یارمەتیی حزبەكانی داوە بە پەكەكەیشەوە.

چۆن پارە و تەقەمەنی و چەكی داوەتە پەیەدە و، چۆن یارمەتیی ئاوارەكانی داوە، چۆن نەیهێشت كۆبانێ بكەوێت. بەیاننامەكە، ناماقووڵیی زۆری تری تێدایە، بەڵام وەڵامیان نادەینەوە بۆ ئەوەی دوژمنان پێی شاد نەبن. خۆ وەك هەندێ كەس نین ئیش و پیشەمان شادكردنی دوژمن بێت بە ڕەفتار و قسەی نابەجێ. ئێمە وەك پێشمەرگە، ڕەخنەمان لە بێڕێزیی ئێوە گرت بەرانبەر قوربانیدانی ئێمە، كەچی لاپەڕەی مێژوو هەڵدەدەیتەوە و باسی حزبەكان دەكەیت، كەچی مێژوو شاهیدە كێ كانگای شۆڕشە و كێ چی كردووە .

لە كۆتاییدا ئامۆژگاریتان دەكەین بچیت دوكانێكی هەنگوین فرۆشتن بكەیتەوە، زۆر باشترە لەوەی لە سیاسەتدا بمێنیتەوە. سەوداسەر و تەسكبینەكان مایەی شەرمن بۆ سیاسەت و شار. ئەگەر بەردەوامیش بیت لە بێڕێزی و وەڵامكاری، ئەوا لەبارەی شەخسی تۆ قسەی ترمان هەیە و باشیش دەزانین كە لێمان تێدەگەی كە قسەكان چین.


فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجله 18-11-2015



PM:02:34:18/11/2015