بارزانی وەڵامی مەلا بەختیار دەداتەوە

وتەبێژی بارزانی وەلامی مەلابەختیار دەداتەوە کە وتبووی هاتنی حەشدی شەعبی لەسەر رەزامەندی بارزانی بووەو دەڵێت" خورماتوو جێگای حەشدی شەعبی نییە.

دەقی روونکردنەوەکەی وتبێژی بارزانی 
لە كۆڕێكی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە زانكۆی سلێمانی لەبارەی هاتنی حەشدی شەعبی هەندێ قسە كراوە و ناوی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە و لە میدیاكانیش خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ ئەم بابەتە كراوە.

لێرەدا بە گشت لایەكی ڕادەگەیێنین كە سەبارەت بە بابەتی حەشدی شەعبی هەڵوێستی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئێستا و لە پێشوودا زۆر ڕوون و ئاشكرا بووە كە هەرێمی كوردستان لە تێكشكاندن و لەناوبردنی تیرۆریستاندا ناكۆكی لەگەڵ حەشدی شەعبیدا نییە و هەر كات بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش پێویست بێت هێزی پێشمەرگە و حەشد یارمەتیی یەكتر بدەن. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە حەشدی شەعبی بێت دوزخورماتو داگیر بكات كە خاكی كوردستانە و پێشمەرگە دەیپارێزێت.

جەنابی سەرۆك بارزانی جەخت لەوە دەكاتەوە كە خاكی كوردستان جێگەی حەشدی شەعبی نییە و كوردستان پێشمەرگە و هێزی ئاساییشی خۆی هەیە و پێویست بە هیچ هێزێكی تر ناكات. هێنانی حەشدی شەعبی بۆ نێو خاكی كوردستان نە بە ڕەزامەندی سەرۆك بارزانی بووە و نە كەسیش داوای لێ كردووە ڕەزامەندی پێشان بدات بۆ هاتنی حەشدی شەعبی.

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان



PM:07:20:18/11/2015