"گۆڕان خانەی راپەڕاندنی دانەمەزراندووەو باسیشی نەکردووە"

بەرپرسی میدیای گۆڕان رایگەیاند " بزووتنەوەی گٶڕان خانەی راپەڕاندنی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دروستنەکردووەو باسیشی نەکردووە".

بەرپرسی میدیاکانی گۆڕان عەبدولرەزاق شەریف بە سپی راگەیاند" ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە گۆڕان بڵاوبوونەتەوە کە گوایە خانەی راپەراندن ( هاوشێوەی مەکتەبی سیاسی ) پێکدەهێنێت، ئەسڵ و ئەساسی نییەو لەکۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی جڤاتی نیشتمانی بەهیچ جۆرێک باسی ئەو پرسە نەکراوە".

بەرپرسی میدیاکانی گۆڕان ئەوە بیری ئەو میدیایانە دەخاتەوە کە ئەو هەواڵەیان بڵاوکردۆتەوەو، دەڵێت" ئەگەر ئەوان دەستوری بزووتنەوەی گۆڕانیان بخوێندایەتەوە، هەواڵی لەو چەشنە بڵاوناکەنەوە، چونکە بەپێی دەستوری گۆڕان دورستکردنی خانەی راپەراندن میکانیزم و رێوشوێنی خۆی هەیە".

ئەمڕۆ هەندێک لە میدیاکان لە هەواڵێکدا بڵاویان کردەوە کە گۆڕان سەرقاڵی دورستکردنی خانەی راپەڕاندنە ( مەکتەبی سیاسی) و ئەو میدیایانە ناوی چەند کەسایەتییەکی دیاری گۆڕانیان هێناوە کە دەکرێنە ئەو دەستە باڵایەی گۆڕان. 
تا ئێستا گۆڕان لەلایەن رێکخەری گشتی و جڤاتی نیشتمانی گۆڕانەوە بەڕێوە دەبرێت.



PM:09:45:21/11/2015