"رووداوی خستنە خوارەوەی فڕۆکە روسیەکە لەقازانجی کوردە"

ئەکادیمستی کوردی بواری نێودەوڵەتی د. شێرکۆ کرمانج پێیوایە  خستنە خوارەوەی فڕۆکە جەنگیەکەی روسیا لەلایەن تورکیاوە، بەقازانجی کوردانی رۆژئاوایە.

د. شێرکۆ کرمانج خاوەنی دکتۆرا له‌ دیراساتی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانکۆی ساوس ئوسترالیا، لە لێدوانێکیدا بۆ سپی لەسەر خستنە خوارەوەی فڕۆکە جەنگیە رووسیەکە لەلایەن بەرگری ئاسمانی تورکیاوە  وتی" من پێموایە روسیا نزیکتر دەبێتەوە لە کوردو، هەوڵدەدات فشار لەسەر ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیش دانێت تا وەکو تورکیا کەنارگیربکەن‌و خەتەرەکانی بوونی تورکیا لەنێو هاوپەیامنییە نێودەوڵەتییەکە ڕونبکاتەوە".

ناوبراو کە ئێستا لە زانکۆی ئوتارا لە مالیزیا لە سکوڵی دیراساتی نێودەوڵەتی مامۆستایە بۆچوونەکانی خۆی زیاتر روونەدەکاتەوەو، دەڵێت" پێموانییە ئەم رووداوە شەڕو هەڵای گەورەی لێبکەوێتەوە، وەک ئەوەی هەندێک باس لە شەڕی جیهانی سێیەم دەکەن، ئەو وڵاتانەی کە بۆمبی ئەتۆمیان هەیە، یان ئەندامن لە ناتۆ بەسانایی پەنا بۆ هێز نابەن، لەپاڵ ئەمەش ڕوسیا زۆر سەری قاڵە، هەم بە پرسی ئۆکرانیاو کرایمییە، هەم بە پشتیوانیکردن لە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد".

د. شێرکۆ کرمانج پێیوایە روسیان لەبەر ئەوە هۆیانەی ئاماژەی بۆکردن ناتوانێت بەرەیەکی دیکە بۆ خۆی بکاتەوەو دەڵێت" بەس هەڵوێستی دیپلۆماسی توندی لێدەکەویتەوەو، لەوانەیە هەندێک بەڵگەش ئاشکرا بکات لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و داعش".



PM:08:40:24/11/2015