شیوعی: ئەو دەرئەنجامەى هەڤاڵانى یەکێتى پێى گەیشتوون دڵخۆشکەرە

حیزبی شیوعی رایگەیاند" ئەو دەرئەنجامەى هەڤاڵانى یەکێتى پێى گەیشتوون دەرئەنجامێکى دڵخۆشکەرە".

ئەو لێدوانەی وتەبێژی حیزبی شیوعی بابە عەلی لە چوارچێوەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا بوو کە ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی یەکێتی و حیزبی شیوعی لەهەولێر سازکرا.

سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەو کۆنگرە رۆژنامەگەریەدا وتی " خاڵى هاوبەشى هەموو لایەنەکان ئەوەیە کە چۆن بتوانین بارودۆخى کوردستان ئاسایى بکەینەوە و لە چوارچێوەى یاسا مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەین".

پیرە ئەوەشی ئاشکرا کرد لە چەند ڕۆژى ئایندەدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان سەرلەنوێ کۆدەبینەوە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتیشی" ئێمه‌ له‌هه‌رێم قه‌یرانی گه‌وره‌ی ئابوری و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانمان هه‌یه‌، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ وه‌زیفه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یمان هه‌یه‌ له‌باكور و رۆژئاوا، بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم كاری جدی بكات و هه‌وڵی زیاتر بدات بۆ بنه‌بڕكردنی".

بابە عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعیش وتی" پێشتر له‌هه‌رێم قه‌یرانی سیاسی و شه‌ڕی ناوخۆ هه‌بووه‌ به‌ڵام ئێستا قه‌یرانی ناوخۆی و حكومداری هه‌یه‌ قه‌یرانی متمانه‌ی نێوان خه‌ڵك و حكومه‌ت هه‌یه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ راده‌یه‌ك هاووڵاتیان متمانه‌یان به‌ ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه‌."
ئەو کۆبوونەوەیە لەچوارچێوەی ئەو کۆبوونەوانەدایە  کەیەکێتی بەمەبەستی چارەسەرکردنی بارودۆخی سیاسی و یاسایی لەگەڵ لایەنەکاندا سازی دەکات.



PM:12:43:28/11/2015