پاش رێكەوتنی لەگەڵ ئەوروپا، توركیا سەدان پەنابەری دەستگیركرد

رۆژێك پاش رێكەوتنی توركیا‌و یەكێتی ئەوروپا بۆ سنورداركردنی رۆیشتنی كۆچبەران بۆ ئەوروپا، پۆلیسی توركیا رێگەی لەسەدان كۆچبەری نایاسایی گرت لە رێگەی دەریاوە خۆیان بگەیەننە یۆنان.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمرۆ دووشەممە پۆلیسی توركیا نزیكەی 1300 پەنابەر‌و كۆچبەری لە نزیك كەنارەكانی دەریای ئیجە‌و دارستانەكانی دەوروبەری دەستگیركرد كە بەنیازبوون لە رێگەی دەریاوە خۆیان بگەیەننە وڵاتی یۆنان.

بەپێی ئەو راپۆرتە ژمارەیەك لەو پەنابەرانە كورد رۆژهەڵات‌و رۆژئاوا‌و باشوری كوردستانن.

بەوتەی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی زیاتر لە 600 هەزار پەنابەر‌و كۆچبەر لەمساڵدا لە رێگەی توركیاوە خۆیان گەیاندوەتە یۆنان‌و لەوێوە بەرەو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا رۆیشتوون.

بەپێی رێكەوتنێكی یەكێتی ئەوروپا‌و توركیا، ئەو یەكێتییە بڕی 3 ملیار یۆرۆ یارمەتی توركیا دەكات تا رێگەی لە هاتنی پەنابەران بۆ وڵاتانی ئەندامی ئەو یەكێتییە بگرێت.



PM:10:54:30/11/2015