گۆڕان داوا لەیەکێتی دەکات پێشنیارەکانی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، هۆشیار عەبدوڵا رایگەیاند "خەڵکی کوردستان و میدیا و رایگشتی خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە لە ناوەرۆکی پێشنیارەکانی برادەرانی یەکێتی ئاگادار بن".

سەبارەت بە وەڵامی پێشنیارەکانی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی کوردستان، هۆشیار عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت" هێندەی بەندە ئاگادار بێت برادەرانی یەکێتی نیشتیمانی دەزانن وەڵامی گۆڕان بۆ پێشنیارەکانیان چی بوە یان چیە ."! 

هەروەها ئەو ئەندام پەرلەمانە دەڵێت" مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێش گۆڕان لەگەڵ پارتیدا کۆبونەوە و ئەگەر لە ڕوی زەمەنیش بێت، پێم وایە دەبێ یەکەمجار پارتی بە فەرمی وەڵامی یەکێتی بداتەوە پاشان چاوەرێی وەڵامی گۆڕان بن." 

هۆشیار عەبدوڵا پێیوایە "خەڵکی کوردستان و میدیا و رایگشتی خەلکی کوردستان مافی خۆیانە لە ناوەرۆکی پێشنیارەکانی برادەرانی یەکێتی ئاگادار بن بە تایبەت کە بە قسەی یەکێکی تر لە ئەندامانی م س یەکێتی لە سەرەتادا کەناڵێکی میدیای پێشنیارەکانی یەکێتی شێواندوە ،کاتیەتی خەڵک لە سەرزاری بەرپرسەکانی یەکێتیەوە بیان بیستن".
 
ئەو پەرلەمانتارە داوا لە لایەنەکان دەکات شەفافانە و ئاشکرا بۆچونەکانیان بۆ دەرچون لەم دۆخە بخەنە ڕوو
.
لەرۆژی ١٠/١٢ ەوە کە پارتی وەزیرەکانی گۆڕانی دەرکردو رێگای لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گرت بچێتەوە سەر کارەکەی، لەو رۆژەوە جگە لەقەیرانە ئابوری و سیاسییەکانی، قەیرانی حوکمڕانیش هاتۆتە ئاراوەو لەو رۆژە لایەنەکان نەیانتوانیووە بگەنە چارەسەر. 



AM:09:12:04/12/2015