حكومەت‌ی هەرێم و پارتی بەرامبەر بەهاتنی هێزی توركیا بێدەنگن

سەرۆكایەتی كۆمار‌و سەرۆكی وەزیرانی عێراق لەسەر هاتنی سێ فەوجی سوپای توركیا بۆ پارێزگای نەینەوا هاتنە دەنگ بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ لێدوانێكیان نەبووە.

ئەمرۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند كە پێشڕەوی هێزێكی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق سوكایەتیكردنە بە شكۆ‌و سەروەریی عێراق‌و خوازیاری كشانەوەی ئەو هێزەی توركیا بوو كە لەناوچەی باشیك جێگیربووە.

هاوكات هەریەك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەسەر هاتنی ئەم هێزەی توركیا هەڵوێستیان بووە بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پارتی هیچ هەڵوێستێكیان نیشان نەداوە‌و بێدەنگ بوون.

ماوەی سێ رۆژە هێزێکی تورکیا هاتوونەتە سنووری ناحیەی زێلکان و باشیک لە پارێزگای موسڵ ، بە پێی هەواڵێكی رووداو ئەو هێزە  لە نێوان 150 - 220 راوێژکار و سەرباز لەخۆ دەگرێت‌و بریتییە لە 15 تانک و 8 زرێپۆشی بچووک، 4 زرێپۆشی گەورە، یەک ئەمبۆلانس، 13 ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری هینۆ، فیشەک و تەقەمەنی، تانکەرێکی ئاو، گەلابەیەک و 3 ئۆتۆمبێلی سەربازی.



PM:01:59:05/12/2015