گۆڕان بریارێکی عەبادی بە هەنگاوێک راست ناودەبات

هۆشیار عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە راگەیاندراوێکدا داواکەی حەیدەر عەبادی لە وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق بۆ بەرزرکردنەوەی سکاڵا لە دژی سوپای تورکیا بەهۆی شکاندنی سەروەری خاکی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە هەنگاوێکی راست ناودەبات و بە هەولێکی باش دەینرخێنێت.
 
لە بەیاننامەیەکدا کە نوسینگەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، هۆشیار عەبدوڵا رایدەگەیەنێت: داواکەی حەیدەر عەبادی بۆ بەرزکردنەوەی سکاڵا لە دژی سوپای تورکیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهۆی شکاندنی سەروەری خاکی عێراق، هەنگاوێکی دروست و راستە".
 
هەروەها دەڵێ: لەرووی یاساییەوە هیچ پاساوێک نییە لەبەرامبەر پێشێلکردنی سەرەوەری خاکی عێراق لە لایەن تورکیاوە".
 
هۆشیار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشداوە کە سەرجەم دەستوەردانەکان دەرەکییەکان قبوڵ نییە جا لەلایەن تورکیاوە بێـت یان لەلایەن  هەردەوڵەتێکی ترەوە بێت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، خەجتی کردەوە: " ئەگەر تورکیا پاساوی ئەوەیە هەوڵ ئەدات دژی رێکخراوی داعش بوەستێتەوە لە عێراق، ئەوا دەتوانێت لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە و بە هەماهەنگی کردن بە شێوەیەکی فەرمی لە رێگەی سەرچاوە دیبلۆماسییەکانەوە دژی داعش بوەسێتەوە، ئەگەر بەڕاستی دەیەوێت ئەو کارە بکات".
 
هۆشیار عەبدوڵا لەبەیاننامەکەدا دەڵێ: "بەڵام ئەگەر تورکیا پاڵنەری دیکەی هەیە بۆ هاتنە ناوخاکی عێراق، ئەوا ئەو پاڵنەرانە بە هەموو شێوەیەک قبوڵ نەکراوە، بە تایبەت ئەگەر پاڵنەری وەستانەوە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بێت".
هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان جەختی کردوەتەوە لەوەی کە: "پێویستە لەسەر تورکیا دان بە مانای وشەی کردای ئاشتی ناوخۆیی بنێت، هەوڵ بدات لە بری بەکارهێنانی چەک بە رێگە چارەی ئاشتیانە کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر بکات، هەروەها چاو بخشێنێتەوە بە سیاسەتی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی کورد و دان بەمافەکانیاندا بنێت لەبری ئەوە هەوڵی دەرخستن و نمایشی تواناکانی بدات".



PM:02:20:12/12/2015