یەکێتی لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمشەو وەفدەكەی یەكێتی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی كۆببێتەوە سەبارەت بە كێشەكانی هەولێر‌و بەغدا‌و پرسی موچە‌و بودجە گفتوگۆ بكات.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی یەكێتی ئەو وەفدە باڵایەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ئێستا لەشاری بەغدایەو ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا ئەنجامداوە، بڕیارە ئەمشەو لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراقیش کۆببێتەوە لەبارەی پرسی موچەو قوتی ھاوڵاتیانی کوردستان.

لەوبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند بڕیاروایە ئەمشەو لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆببنەوە.

سەبارەت بەھۆکاری کۆبوونەوەشیان لەگەڵ سەرۆک وەزیران، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەی ڕونکردەوە، پێشتر ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگیان لەسەر کۆی پرسەکان بەپرسی ئابوریشەوە ئەنجامداوەو ئەمشەویش لەگەڵ سەرۆک وەزیران بۆ ھەمان مەبەست کۆدەبنەوە.

ئەوەشی ڕونکردەوە، سەرباری ئەوەی تائێستا ھیچ بەڵێنێکیان لەبەرپرسانی حکومەتی عیراق وەرنەگرتووە لەبارەی پرسی موچەو بودجەی ھەرێمی کوردستانەوە، بەڵام جەختیکردەوە، کە ھەمان ئەو پرسە لەگەڵ خودی سەرۆک وەزیرانی عیراقیش باسدەکەن، "چاوەڕوانی وەڵامی ئەوین"



PM:05:44:13/12/2015