" بە ٩ پرسگە دەگەیتە ئاشتی هەورامی "

لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەردانێکیاندا بۆ لای وەزیری سامانە سروشتییەکان ٩ پەرسگەیان بڕیووەو دوایش وەزیریان نەبینیووە.

ئەندامی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رێکەوت زەکی لە پۆستێکدا نیگەرانییی خۆی و لیژنەکەیان دەردەبڕێت کە بە ٩ پرسگە گەیشتوونەتە وەزیری سامانە سروشتیەکان، ئاشتی هەورامی و دوایش نەیان بینییووە، چونکە لەوێ نەبووە. 

رێکەوت زەکی لە نوسینەکەیدا بەناونیشانی " لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان چییان پێکردین!"، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت" 
لەگەڵ ھاوکارانم لە لیژنەی وزەی ئـەنجومەن ئـەمڕۆ سەردانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانمان کرد بۆ کێشەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی لە دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا و نەوتی سپی و کوالێتی ونرخی بەنزین و دروستکردنی پاڵاوگەو ڕاکێشانی بۆری نەوت بۆ ئـێران و گازی سروشتی بۆ تورکیاو چەندین کێشەی تر".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت" سەرەتا چەند جارێک بەندە پەیوەندیم بە بەڕێز وەزیرەوە کرد وەڵامی پەیوەندیەکانی نەدایەوە، دواتر بڕیارماندا سەردانەکە بکەین بۆ وەزارەت، ھەرچەندە ئـۆتۆمبێلەکەمان ژمارەی شین بوو بەڵام نەک ڕێگەی چونە ژورەوەیان پێنەداین بەڵکو ئـۆتۆمبێلەکەمان زۆر دور پارک کرد! پێنج پرسگەمان بڕی بۆ ئـەوەی بگەینە سکرتێری وەزیر! لە پرسگەی یەکەم دوای خۆ ناساندنیش ڕێگەیان نەداین وتیان بەمۆعید نەھاتون دوای بنەو بەرە ڕێگەیان پێداین دەربازبین بەڵام مۆبایلەکانیان لێسەندی سویچی ئـۆتۆمبێلەکەیان لێسەندین بۆن و پێویستی تریان لە خانمەکان وەرگرت بەتکا کردن ھێشتیان یەک مۆبایل بەرین بۆ پەیوەندی کردن ! ئـنجا پشکنینیشمان بۆ کرا!".

رێکەوت زەکی باسی پرسگەکانی تر دەکات دوای ئەو ٥ پرسگەیەو دەڵێت" دواتر چوار پرسگەی دیکەمان بڕی و لەھەریەکەیان چیرۆکێک! دواین شوێن کە پێی گەشتین وتیان دەبێت نوسراوێک بنوسین وەک داواکاری بینین و مەبەستی بینینەکەشتان بنوسن، بڕیارماندا ئـەوەش بکەین بۆ ئـەوەی بیانویان ببڕین! سەرەنجام پێێان وتین وەزیر لەدەرەوەی وڵاتە!!!، بۆیە سەری ئـێوەم بەم وردەکاریەوە یەشان تابزانن کار کردن لێرە چەند ئـەستەمە نوێنەرێکی ھەڵبژێردراو چۆن دەگاتە وەزیرێکی تەعینکراو!!".



PM:10:21:13/12/2015