24 منداڵی كورد لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە كوژراون

‌تەرمی یەکێک لەو منداڵانەی بەدەستی هێزەکانی تورکیا شەهید بووە
رێكخراوە مەدەنییەكانی شاری ئامەد لەباكوری كوردستان لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرای دەكەن كە لەماوەی 4 مانگی رابردوودا 24 منداڵی كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە كوژراون.

نوێنەرانی رێكخراوەی "ئەگیتم سەن"، "ئاكادیمیای ئەحمەدی خانی"‌و "دامەرزاوەی كوردی دۆر" سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای باكوری كوردستان‌و پەرەسەندنی توندوتیژییەكان بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.

دیلك ئادسان، وتەبێژی "ئەگیتم سەن" رایگەیاند: رژێمی تتوركیا شەڕێكی شومی دژی كورد بەرپاكردوە‌و خەڵكی مەدەنی دەكوژێت. لەماوەی چوارمانگی رابردوودا 26 منداڵی كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركەوە كوژراون‌و ئەم ئامارەش رۆژانە بەرز دەبێتەوە.

وتیشی: حكومەتی توركیا بە فەرمانبەرانی پەروەردەی وتووە دەبێت شارەكانی جزیرە‌و سلۆپی چۆڵ بكەن‌و بۆ شارەكانی خۆیان بگەڕێنەوە، كە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پلانێك لەئارادایە بۆ كۆمەڵكوژی لەو ناوچانە‌و هێزەكانی توركیا لە قوتابخانەكان وەك بنەكەی سەربازیی كەڵك وەردەگرن.



PM:01:42:19/12/2015