پارتی جەخت لەسەر دیالۆک دەکاتەوەو گۆڕان بە ناواقیعی ناودەبات

سەرکردایەتی پارتی جەخت لەسەر دیالۆک دەکاتەوەو بەبێ ناوهێنانی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن "بارودۆخی ناوخۆ پێویستی بەچاککردن و چارەسەری کێشەکان هەیە کە بەشێکی زۆری لە ئاکامی خوێندنەوەی هەڵەو ناواقیعی و نالۆژیکی هەندێک لایەن هاتونەتە دی".

ئەمڕۆ ١٢/٢٠ بە سەرپەرشتیی سەرۆکی پارتی مه‌سعوود بارزانی کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام درا، لەو کۆبوونەوەیەدا سەردانەکەی بارزانی بۆ سعودیەو تورکیا بە "سەرکەوتوو" ناوزەدکرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەشەش تەوەر پێک‌هاتووە بەراستەوخۆ ناوی گۆڕان نەهاتووەو چەندجارێکیش باسی رێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردی و چاکسازی و دیالۆک کراوەو،( چۆن و لەسەر چ پرەنسیپێک، باس نەکراوە)،  چەندجارێکیش باس لەبارودۆخی خراپی گوزەرانی خەڵک کراوە.

ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌:

تەوەری یەکەم: سەردانی سەرۆک بۆ هەردوو وڵاتی سعوودیاو تورکیا، کە لەم بارودۆخەدا هێماو واتای گرنگی هەبوو و بەسەردانی سەرکەوتوو لە قەڵەمدران لە پرۆسەی سیاسی و دیبلۆماسی ناوخۆ و دەرەوەدا. بەردەوامبوونی سیاسەتی سەرۆکی هەرێم بۆ راگرتن و تەوازنی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەیوەندار بە کێشەکانی ناوچەکە بەتایبەتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگشتی لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی عێراق و ناوچەکە پێدا تێدەپەڕێ زۆر گرنگەو کۆبوونەوە پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی.
تەوەری دووەم: بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی چەند لایەنەی سووریاو ئیرهاب و ئاڵۆزیەکانی کە لە ئاکامی چەند لایەنەبوونی و بەرژەوەندی جیاوازدا دەرهاوێشتەی جیاجیای هەیە. هەروەها بارودۆخی عێراق و نەبوونی ئاسۆیەکی روون لە چۆنیەتی چارەسەرییەکان یاخود تێروانینی جیاواز بۆ دربازبوون لەو قەیرانانە، وای کردووە دووبارە تەواوی پێکهاتەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەخۆداچوونەوەی جیددی بکەن و خوێندنەوەی نوێ و گونجاو بۆ رووداو و پێشهاتەکان بکرێت کە لەگەڵ قەبارەو کاریگەری کۆی رووداوەکانی ناوخۆیی و دەوروبەردا بێتەوە، بەتایبەتی سەرلەنوێ پێداچونەوەی شێوازی حوکمڕانی عێراق کە تیایدا مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزایی پارێزراوبێت و شەراکەتی راستەقینەی کوردستان لە رووی سیاسی و ئیداری و لەشکری و دارایی مسۆگەر بێت، بۆ راستەڕێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانی و مرۆڤایەتیەو، کۆکردنەوەو رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان و عێراق و گرتنەبەری رەوتێکی دروست و تەندروست کە سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێم دەتوانن رۆڵی گرینگ تێدا ببینن کە لە ئاست روداو و ئەگەرەکاندا بێت.
تەوەری سێ یەم: بارودۆخی ناوخۆی کوردستان پێویستی بەچاککردن و چارەسەری کێشەکان هەیە کە بەشێکی زۆری لە ئاکامی خوێندنەوەی هەڵەو ناواقیعی و نالۆژیکی هەندێک لایەن هاتونەتە دی، سەرەڕای ئەوەش پارتیمان لە روانگەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرانبەر بە  پرسە گرنگەکانی نەتەوەیی و نیشتمانی و ژیان و نیگەران نەکردن و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و پشتگیری لە هێزی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ناوخۆ کە لە سەنگەرەکانی بەرگری و پاراستنی کوردستان لە تیرۆریستە دڕندەکانی داعش بەرخودان دەکەن، لەگەڵ چارەسەری کێشەکانە بە دیالۆگ و هەروەکو پێشتریش ئەو رێگایەی بە تاکە رێگای سەردەم و گونجاو زانیوەو دەزانێ بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەو گرفتەکانی نێوخۆیی.
تەوەری چوارەم: هەرێمی کوردستان لە ئاکامی رەفتاری نادروستی حوکمرانانی بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت تووشی قەیرانی دارایی بۆتەوە، هەرچەندە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم لە سەربەخۆیی ئابوری بەباشی زاندرا و پشتگیری کرا، بەڵام بە پێویستی بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستانی دەزانین چاکسازی هەمە لایەنە لە زۆر بواردا بکرێت تا بژێوی ژیانی خەڵکی دڵسۆزو خۆڕاگری کوردستان باشترو رێکخستووتر بێت و، پەرەپێدان و بوژاندنەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارو چەندین کەرتی دیکەش گرنگی تەواویان پێ بدرێت و، کۆبوونەوە پشتگیری تەواوی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی ئابوری و چاکسازی دەکات.
تەوەری پێنجەم: کۆبوونەوە گفتوگۆی لە بارەی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەو تەواوی هێزەکانی دیکەی ناوخۆی کوردستان کردو رۆڵی قارەمانانەو نیشتمانپەروەرانەیان بەرز نرخاندو رۆڵی ئازایانەی ئەوان بۆتە جێگەی سەرنجی تەواوی جیهانیان و بوونەتە سمبوولی ئازایەتی و خۆڕاگری لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و تێکشکاندنیان و پاککردنەوەی زۆربەی ناوچە کوردستانییەکان کە داگیریان کردبوو بە شەنگالیشەوە کە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک و مەردایەتی فەرماندە و پێشمەرگەکان و کوردانی ئێزیدی گەورەترین زیانیان لە داعش دا و زۆربەی شارو شارۆچکەکان ئازاد کرانەوە.
تەوەری شەشەم: باری رێکخستن و هەڵوێست و بەشداری ئەندام و کادیرو بەرپرسان و جەماوەری پارتیمان لە شەڕی دژی داعش و داگیرکارییەکان کە دژی هەموو بەهاو نرخێکی مرۆڤایەتین، بەرزو نیشتمانپەروەرانە بووە، هەروەکو خۆڕاگری و تێگەیشتنیان بۆ باری دارایی هەرێم بەگشتی و پارتیمان بەتایبەتی جێگای تەقدیرە. ئەمانەو وادەی کۆنگرەی 14 و دواکەوتنی لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری بابەتی، گفتوگۆی لەبارەوە کراو بە تێگەیشتن لە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی، بەپێویستیش زانرا  بۆ ئەم مەبەستە و چەندین بابەتی تری نێوخۆیی و حزبی لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی تایبەت لە بارەیانەوە ئەنجام بدرێت.
کۆبوونەوە وێڕای ناردنی دروود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان، سڵاوی بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرێ لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی گەل و نیشتمانەکەمان.
بژی کورد بژی کوردستان

ئەنجومەنی سەرکردایەتی
پارتیی دیموکراتی کوردستان
20/12/2015



PM:06:58:20/12/2015