دەمیرتاش: تاوتوێی راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی دەكەین

هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) لەكۆنگرەی جڤاكی دیموكرات "كەجەدە" كە لە شاری ئامەد بەڕێوەچوو، رایگەیاند لەگەڵ چەندین حیزب تاوتوێ خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی  بۆ كوردی باكوریان كردوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە لەكۆنگرەكەدا راگەیاند: ئیرادەی كورد لە تانك‌و تۆپ بەهێزترە‌و خەندەقەكان لە باكوری كوردستان دژی دەوڵەتی فاشیزم هەڵكەندراون.

وتیشی: دەبێت پارتەكانی توركیا تاوتوێی خۆبەڕێوەبەری كوردی باكور بكەن‌و بۆ ئەم مەبەستەش ئەوان لەگەڵ چەندین پارتی دیكەدا تاوتوێیان كردوە‌و بە باشترین رێگەی دەزانین بۆ چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا.

هاوسەرۆكی هەدەپە ئاماژەی بەوەشدا كە دەبێت هەموو لایەنەكان دان بە مافەكانی گەلی كورددا بنێن. كورد لە توركیا لەبارودۆخێكی خراپدا دەژین‌و گەنجانی كورد شارەزای مێژووی توركیان بۆیە خەبات دەكەن.

دەمیرتاش جەختی لەسەر ئەوەش كردوە كە بە راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی بۆ كوردی باكور دەبێت مافی گەلانی ناوچەكەش بپارێزرێت.



PM:01:27:26/12/2015