"لێپرسراوێتی نەوتی فرۆشراو لەدەرەوەی رێككەوتنەكان هەڵناگرین"

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند" بەهیچ شێوەیەك لێپرسراوێتی، ئەگەر هەبێ، نەوتی فرۆشراو وەكو پڕوپاگەندە دەكرێ لەدەرەوەی چوارچێوەی رێككەوتنە رەسمییەكان هەڵناگرین".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١/٧ لەهۆڵی شازاد صائیب، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی، ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە بەشداری دەستەی كارگێڕ، مەلا بەختیار لێپرسراو و عومەر فەتاح‌و حاكم قادر حەمەجان، ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی‌و بەئامادەبوونی  عادل موراد، سكرتێر‌و ئەندامانی سكرتاریەت، کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا مەلا بەختیار، چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدادو، گەیشتن بەڕێكەوتنیشی لەئێستادا بەگرنگتر‌و پێویست ناوبرد‌و، وتی"هەروەك چۆن پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستەبەرێكی سیاسی باشتر وەربگرین، پێویستە لەگەڵ حكومەتی ناوەندیش بەهەمانشێوە دەستەبەرمان هەبێ".

مەلا بەختیار وەک لەچاودێردا بڵاوبۆتەوە لەو کۆبوونەوەیەدا راریگەیاندووە کە " دەبێ لەناو خۆمان لەسەرانسەری كوردستان‌و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش رێكبكەوین، هەتا بزانین‌و گوێمان لێ بگیرێ كە ئایا پێگەی كورد لەم هاوكێشەیە لەكوێدایە؟ چونكە ئەمجارە‌و لەدوا سەرەنجامدا، ئەگەر ببین بەقوربانی هیچ كەسێك فرمێسكمان بۆ ناڕێژرێ".
سەبارەت بە پرسی نەوت، مەلا بەختیار وتی " جگە لەگفتوگۆ رەسمییەكان، یەكێتی ئاگاداری هیچ گفتوگۆیەكی تر نییە سەبارەت‌و بەنەوت"، وتیشی "بەهیچ شێوەیەك لێپرسراوێتی، ئەگەر هەبێ، نەوتی فرۆشراو وەكو پڕوپاگەندە دەكرێ لەدەرەوەی چوارچێوەی رێككەوتنە رەسمییەكان هەڵناگرین".

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی، لەوتەیەكدا ئاماژەی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی‌و گۆڕان كردو بەخستنەڕووی زانیاری پێویست، دوا سەرەنجامی كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی رونكردەوەو وتیشی "تائێستا كۆبوونەوەكانمان بەردەوامەو خاڵی هاوبەشمان لەخاڵە ناكۆكەكان زۆرترو مێژووی هاوبەشمان لەمێژووی ناكۆكییەكان زیاترە".
راشیگەیاند: "رێككەوتنی نێوان یەكێتیی‌و گۆڕان، دژ بەهیچ لایەنێكی سیاسی نییە، هەروەك چۆن رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی، دژ بەهیچ لایەنێكی سیاسی نییە".

سەبارەت بەنەوتیش قادر حەمە جان" ئەگەرچی بەیاسا پرسی نەوت رێكخراوە، بەڵام سەرەڕای كێشەكان لەوبارەیەوە لەگەڵ بەغداد، لەناوخۆی كوردستانیشدا قسەی زۆری لەسەرە، كە پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران‌و دەستەی باڵاوە، شەفاف بێت‌و پێویستە داهاتەكەی بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندی گەلەكەمانەوە".



PM:08:55:07/01/2016