سەبارەت بە 452 ملیۆن دۆلار داوای رونكردنەوە لەقوباد تاڵەبانی دەكرێت

پەرلەمانتارێكی گۆڕان باس لەوەدەكات پێویست بوو جێگری سەرۆكی حكومەت لە بری داواكردنی خۆگونجاندنی مامۆستایان لەگەڵ دۆخی حكومەت، ئەوەی روونبكردایەوە، كە داهاتی فرۆشتنی نەوت چی لێهاتووە.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە نوسینێكدا بە ئاماژەدان بەوتەیەكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كە داوای كردبوو، مامۆستایان لە خەمەكانی حكومەت تێبگەن و خۆیان لە گەڵ دۆخی دارایی بگونجێنن، رایگەیاندووە، جێگری سەرۆكی حكومەت پێمان ناڵی پارەی نەوتی مانگی پێشوو كێ خواردی و كێ بردی.

داواشی كردووە، قوباد تاڵەبانی ئەوە روونبكاتەوە كە  ١٨ ملیۆن و١٠٥ هەزار بەرمیل كە مانگی پێشوو لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە فرۆشراو تێكڕای نرخی ماوە ٢٥ دۆلارە بو بەرمیلیك و پارەی وەدەستهاتوو ٤٥٢ ملیۆن دۆلارە، چی لێهات ".

هەروەك داوای روونكردنەوەی كردووە لە بارەی 224 ملیۆن دۆلاری داهاتی ئەو نەوتەی بەتەنكەر فرۆشراوە، كە لەگەڵ نەوتی هەناردەكراو بە بۆری پارەی موچەی 95% موچەخۆرانە.

جیا لەو داهاتانە عەلی حەمە ساڵح داوای كردووە قوباد تاڵەبانی لەبارەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی كەركوك لە مانگی 7 ەوە روونبكاتەوە، كە وەك ئەو دەڵێ موچەی 10 مانگی فەرمانبەرانی پێدابین دەكرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان هێمای بۆ ئەوەش كردووە، كە بەرپرسی یەكەم لەو بابەتەدا سەرۆكی حكومەتە، بەڵام چوون جێگرەكەی قسەی كردووە، بۆیە وەڵامی ئەو داوەتەوە، لە كۆتاییشدا رەخنەی ئەوەی لە لایەنەكان گرتووە، بەوەی لە ئاست دیارنەمانی 426 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بێ هەڵوێست بوون.



AM:01:15:16/01/2016