بۆ چارەسەری کێشه‌ی سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان سێ پێشنیار ده‌کات

د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سێ پێشنیار دەخاتە ڕوو، کە لە ئێستادا بەو سێ ڕێگەیە دەتوانرێت چارەسەری پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەڕێگەیەکی یاسایی و دەستووری بکرێت و کوردستان لە بۆشایی یاسایی دەربازبکرێت.

ڕێگای یەکەم بە پێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بکرێت، بە پێی ئەو یاسایە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت، تا ئەو کاتە دەسەڵاتەکان بگوازرێتەوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ڕێگای دووەم، ئەوەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، هەروەک چۆن لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی هەرێمدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانەوە هەڵبژێرا.هەروەها لە ٢٠١٣ دوو ساڵ ماوەکەی بۆ درێژ کرایەوە. ئەگەر نەتوانرا لەناو خەڵکەوە هەڵبژاردن بکرێت، ئەوا لەناو پەرلەمانەوە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرێت. 

ڕێگای سێیەم، ئەگەر لە ئێستادا قەیرانەکان چارەسەر ناکرێن، ئەوا هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان پێکەوە بکرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیانراوەکەدا لەبارەی هەوڵەکان بۆ لابردنی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت"ئێمە سەرمان بەرزە لەبەردەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، چونکە خیانەتی نیشتمانیمان نەکردووە، تۆمەتی گەندەڵیمان لەسەر نییە، ئەو هەوڵانەش لەپای ئەوەیە کە هەوڵمانداوە لە پەرلەمان یاسا سەروەر بێت.



PM:02:05:16/01/2016