دکتۆر دەرباز محەمەد: تەرمی کۆچبەرەکان دەگەڕێنینەوە

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان کە لەدەریای ئیجەدا خنکان، هەموو هەوڵێک لەو پێناوەدا دەدەن.

دکتۆر دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، نیگەرانن لە خنکانی ژمارەیەک هاوڵاتی دیکەی هەرێمی کوردستان لە دەریای ئیجەدا و بەرپرسیاری کۆچی هاوڵاتیانیشی خستە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وەزیری کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، كۆچی  هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ده‌رهاویشته‌ی نادادپەروەریی و قەیرانی دارایی و کێشە کەڵەکە بووەکانی تری هەرێمی کوردستانە.

وتیشی، دەسەڵاتدارانی هه‌رێمیش تا ئیستا بێباكن لە ئاست ئەم كارەساتە گەورەیە.

لەبارەی داواکاری کەسوکاری ئەو قوربانیانەش بۆ گەڕانەوەی تەرمەکانەوە کە ئاڕاستەی دکتۆر دەرباز محەمەد کرابوون، وەزیری کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەهەوڵداین بۆ گەراندنەوەی تەرمی ئەو كۆچبەرانە وله‌م پێناوه‌دا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین.

شەوی هەینی رابردوو بەلەمێک بە ٨٠ کۆچبەرەوە لە ئاوەکانی تورکیاوە بەرەوە و وڵاتی یۆنان بەڕێکەوت نقوم بوو.
بەهۆی نقومبونی بەلەمەکەشەوە 65 کەس خنکان و 15 کەسیان ڕزگار کراون، لەو کەسانەی کە خنکاون و تائێستا ناسرونەتەوە 28 کەسیان کوردن و هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن.



PM:04:23:23/01/2016