عەلی حەمە ساڵح: دەبێت لێپرسینەوە لە وتەکانی بەرهەم ساڵح بکرێت

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، ڕایدەگەیەنێت، د. بەرهەم ساڵح چەند شتێکی ئاشکرا کردووە کە دەبێت لێپرسینەوەی لێبکرێت.

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، د. بەرهەم ساڵح چەند شتێکی وتووە کە جێی پرسیارە و دەبێت لێپرسینەوەی لێبکرێت.

د. بەرهەم ساڵح، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی  نیشتیمانی کوردستان و سەرۆکی پێشووی حکومەت، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی ئێن ئاڕتیدا، باسی لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی کرد و رایگەیاند ئەو کاتەی ئەو پۆستی سەرۆکی حکومەتی ڕادەست کردوەتەوە، حکومەتی خاوەنی ٤ بۆ ٥ ملیار دۆلار بوو لە بانکی (HSBC).

 عەلی حەمە ساڵی سەبارەت بەو بڕە پارەیەی لەو بانکەدا بووە نوسیویەتی، " پێشتر چه‌ند جارێک وتوومه‌ ئه‌م پاره‌ چی لێهات؟ وه‌ڵام نه‌بووه‌" و داواشی کردووە بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەشی بەوە داوە، ئەو قسانە قسەی ئەو و گۆڕان نیە بەڵکو قسەی جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، ئایا دوای ئه‌م قسانه‌ش نیگه‌ران نه‌بین.



AM:10:26:28/01/2016