حیزبی شیوعی جه‌خت له‌سه‌ر پێكهێنانی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی سیاسی

لەسەر هەلومەرجی سیاسی و ئابوری كوردستان و قەیرانی حوكم حیزبی شیوعی داوای پێكهێنانی ئەنجومەنێكی سەرۆكایەتی سیاسی دەكات.

 کۆمیه‌تی ناوه‌ندی حیزبی شیوعی کوردستان له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا که‌ کۆپیه‌کی بۆ سپی نێردراوه‌، داوا ده‌کات " پرسی دەستوری هەرێمی كوردستان و بنەمای چارەسەری كێشەكان:حزبی شیوعی جەخت لەسەر دیدی خۆی بۆ دەستوری ئایندەی كوردستان دەكاتەوە كە پێویستە دەستورێكی دیموكراسی مەدەنی عەلمانی بێت‌و داڕێژەری نیزامێكی پەرلەمانی فرەیی ‌و دەستەبەری مافو ئازادییە سیاسی‌و ئابوری ‌و كۆمەڵایەتیو رۆشنبیرییەكانی تاك‌و دەستەبەری مافی پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئاینییەكان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون بكات".
هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پرسی ریفرانۆمیش ئه‌و حیزبه‌ ده‌ڵێن" ئەم بابەتە جێگای گرنگی هێزەكانی سیاسی كوردستان و عێراق ‌و وڵاتانی ناوچەكەیە، كەپێیویستی بەگفتوگۆی دووقۆڵی‌و بەكۆمەڵی ‌و داڕشتنی بەرنامەی كاری تۆكمە بە پشتبەستن بە ئیرادەی گەلەكەمان، هەیە".    

ده‌قی به‌یانه‌که‌ی حیزبی شیوعی کوردستان..
مەكتەبی سیاسی رێكەوتنی نیشتمانی چارەسەری سەرەكییە لە پێناو رزگاركردنی گەلی كوردستان لە قەیران ‌و تەنگژەكاندا بەرێزان ...لەژێر رۆشنایی بڕیاری كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی فرەوانی حزبی شیوعی كوردستان ، بۆ خستنە رووی نەخشەرێگا‌و چارەسەرییەكان، مەكتەبی سیاسی یاداشتنامەی رێگاچارەسەری بابەتەكانی " رێككەوتنی نیشتمانی، پرسی تەواوكاری دەستور، پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، كاراكردنەوەی پەڕلەمان‌و حكومەت، وەڵامدانەوە بە داواكاری جەماوەر، پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی نیشتمانی" دەخاتە بەردەستی سەرجەم حزب‌و هیز‌و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان ، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی: بەرێزان : ساڵی 2014 و 2015 و سەرەتای 2016 ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەنگژەی مەترسیدار تێپەڕ دەبێت ، لەنێویشیدا كوردستان‌و عێراق ، لەسایەی تەنگژەی ئابوری لەوڵاتانی ناوچەكەو عێراق‌و كوردستانیش بەتایبەتی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و بوونی ئابوری ریعی (بخۆر) لە كوردستاندا و نەبوونی پلانی ئابوری تۆكمەی بەدیل، هەروا زیادبوونی هەڕەشەو مەترسی هێزەكانی تیرۆریستی و تۆقاندن لەناوچەكەو ئەوروپاش، سەرەڕای قوڵبوونەوەی ململانی‌و هەڵاوێردبوونی جەمسەرە هەرێمییەكان بەرەهەندی تایفەگەری ، هەتا دێت مەترسیەكان هەڵدەكشێ‌و كاریگەری بەسەر گەلی كوردستان زێتر دەبێت. لەكوردستانی عێراقدا و سەرەڕای ئەو سەركەوتنانەی كە هێزەكانی پیِشمەرگە بەدەستیهانەوە كە جێگای شانازیمانە، وبەری بەتیرۆریستانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش گرتووە ، بارودۆخ بەگشتی دووچاری قەیرانی هەمەلایەنەی قوڵبۆتەوەو كەحزبمان بە تەنگژەی سەراپاگیر وەسفی دەكات و راستەوخۆ پەیوەستە بەكۆی ژیانی سیاسی و حوكمداری و سیاسەتەكانی ئابوری پەیڕەكراو ، ئەم قەیرانە بەهۆی قۆرخكاری دەسەڵات ‌و بەشبەشێنەی حزبی وخراپی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئابوری بەهۆی رەمەكی و نەبوونی پلانێكی زانستی كە پشتبەستوو بە چەمكی گەشەپێدانی بەرەدەوام، بەرەو خراپتر دەچێت. بۆیە حزبی شیوعی كوردستان لەچەمكەكانی پرۆژەی سیاسی خۆییدا ، كەپشتبەستووە بە خوێندنەوەی زانستی‌و واقعی و ئەزموون‌و پاشخانی سیاسی ‌و مێژووی بۆ پێشهاتەكان ، لەمەڕ بابەتە گرنگەكان ئەم دیدوبۆچوونانە دەخاتە روو ، وەكو نەخشە رێگای چارەسەری: 

1- پێكهێنانی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی سیاسی : بۆدەستكردن بە بڕیاردانی نەخشە رێگایەكی گونجاو و وەڵامدەر بە م قۆناغە، حزبی شیوعی جەخت لەپرۆژەی پێشنیازكراوی خۆی كە لەحوزەیرانی 2015 خستیە روو دەكاتەوە كە بەزووی پێویستە هێزە سیاسیەكانی كوردستان كۆبوونەوەی فرەوان‌و بەردەوام سازبكەن‌و گفتوگۆ دەست پێبكەن، بۆئەمەش ، پێویستە بریاری دروستكردنی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی سیاسی پێكهاتوو لە سكرتێری حزب‌و لایەنە سیاسیەكانی ناوپەرلەمان و نوێنەری پێكهاتەكان بدەن، بەسەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكەی ئیدارەی ئەم ئەنجوومەنە بكەن بۆ ماوەی ساڵێك یان زیاتر تا تەواوكردن و هێنانەدی سازان لەسەر بابەتە هەستیارەكانی كەرووبەڕوی گەلی كوردستان دەبێتەوە، بەشێوەیەك رەوشی كوردستان بەرەو ئاسایی كردنەوەو چارەسەری گرفتەكان ببات.

2-بەرەو ریفراندۆم‌و مافی چارەی خۆنووسی ‌وپرسی دەوڵەتی نیشتمانی: ئەم بابەتە جێگای گرنگی هێزەكانی سیاسی كوردستان و عێراق ‌و وڵاتانی ناوچەكەیە، كەپێیویستی بەگفتوگۆی دووقۆڵی‌و بەكۆمەڵی ‌و داڕشتنی بەرنامەی كاری تۆكمە بە پشتبەستن بە ئیرادەی گەلەكەمان، هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا رەنگدانەوەی ململانێ سیاسیەكانی نێوان هێزەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی‌و دواجار پەككەوتنی پەرلەمان‌و بێ توانایی حكومەت لەوەڵامدانەوەی داواكاری جەماوەری، وەزعی ئابوری كوردستان، كاریگەری گەورەی لەسەر هەنگاونان بۆ ئەو بەدەستهێنانی ئەم مافە رەوایە هەیەو پێویستە هەرچی زووە رێگرییەكانی چارەسەربكرێت، چونكە ئەم مافە تەنها پەیوەست نییە بە كەسێك یان حزبێكی سیاسی ، لەكاتێكدا گەلی كوردستان بەهەموو هێزەسیاسیەكانی‌و لەقۆناغەكانی مێژوودا قوربانی زۆری داوە و خەباتی لەپێناویدا كردوەو ئێستا تەنهاو تەنها پەیوەستە بە ئیرادەی ئازادی گەلی كوردستان‌و سازی‌و تەندروستی ژیانی سیاسی ناوخۆیی‌و نێوانی هێزە سیاسی ‌و پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەیە بە جۆرێك بكرێت بە پرسی تەواوی گەل وهێزە سیاسییەكانی نەك پرسی یەك جزب.

 3- پرسی دەستوری هەرێمی كوردستان و بنەمای چارەسەری كێشەكان:حزبی شیوعی جەخت لەسەر دیدی خۆی بۆ دەستوری ئایندەی كوردستان دەكاتەوە كە پێویستە دەستورێكی دیموكراسی مەدەنی عەلمانی بێت‌و داڕێژەری نیزامێكی پەرلەمانی فرەیی ‌و دەستەبەری مافو ئازادییە سیاسی‌و ئابوری ‌و كۆمەڵایەتیو رۆشنبیرییەكانی تاك‌و دەستەبەری مافی پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئاینییەكان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون بكات، هەروەها دەستور بنەمای سیاسەتێكی ئابوری ئەوتۆ، كە گەشەپێدانی بەردەوامی مرۆیی مسۆگەر بكات بەشێوەیەك بنەمایەك بێت بۆ پێداویستیە كانی حوكمداری باش. "ئەنجومەنی سەرۆكایەتی سیاسی" دەتوانێت لەماوەی دەستبەكاربوونی كەلەخاڵی یەكەمدا ئاماژەی پێدراوە دەتوانێت پرسی سەرۆكایەتی وەك بابەتێكی كێشەی یاسایی، لەدەستوردا بنەمای بۆ دابڕێژێت و ئەگەر بەتەوافوق نەگەیشتنە رێككەوتن ئەوا پێویستە گەلی كوردستان سەرپشك بكات كەئایا لەگەڵ ئەوەدا دەبن هەڵبژاردنی سەرۆكی داهاتوو لەلایەن پەڕلەمانەوە هەڵببژێردرێت یاخود راستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانەوە، بەمشێوەیە بەشێكی گەورەی كێشەی سیاسی بەشێوەیەكی دیموكراسیەكان چارەسەر دەكرێت
4-جەختكردنەوە لەسەر حكومەتی هاوڵاتی‌و كاراكردنەوەی رۆڵی پەڕلەمان : لەپێشتریشدا ، حزبی شیوعی جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە سەركەوتنی حكومەت لەكارەكانی‌و بەجێهێنانی بەرپرسیارێتییەكانی تەنها بەرێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكانی ململانێ نابێت ، هەرچەندە تە وافوقی نیشتمانی زۆر گرنگە ، بەڵام سەركەوتنی راستەقینە پەیوەستە بەچاوگێڕانەویە قووڵ بەسیاسەكانی لەهەموو بوارەكانیدا، لەسەر بنەماییەكی تەندروست و زانستی و واقعی .ئەمە لەكاتێكدا ، كاراكردنی رۆڵی حكومەت پەیوەستە بەكاراكردنەوەی پەرلەمان ، ئەویش لەرێگای سازانی ناو پەڕلەمان ئینجا چ لەرێگای بەردەوامبوونی ئیئتلافی حاكم لەسەر بنەمای نوێ یاخوگەڕان بەدوای ئیئتلافی نوێ نێو پەرلەمان كە ببێتە هۆی كاراكردنی بە جۆرێك كە جێگای رەزامەندی جەماوەری و لایەنە سیاسی ‌و واقعی سیاسی بێت. لەبنەڕتدا ، حكومەتی هاوڵاتی، حالەتێكی پۆزەتیڤ لەلای هاوڵاتییانی كوردستاندا دروست دەكات و ئەوەش یارمەتیدەری گرنگ دەبێت بۆ بەرەنگاری تەحەدیاتەكان‌و هەنگاوی جدیشە بۆ گەیشتن بە مافە رەواكان‌و مسۆگەركردنی ئایندەیەكی سیاسی ‌و ئابوری ‌و كۆمەڵایەتی لێوەشاوە.
 
5- چاكسازی ئیداری و دارایی‌و چاوگێڕانەوە بەسیاسەتی ئابوری: حزبی شیوعی وای دەبینێت ، رووكردنە بەدامەزراوەیی كردن، گرنگترین هەنگاوەكان بۆ چاكسازی و چاوگێرانەوەیە، بۆئەوەش پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێتە بەر
 • دووركەوتنە لەسیاسەتی بەحزبی كردنی دامەزراوەكان و بەش بەشێنەی حزبی كاركردن لەسەر بنەمای شەفافیەت وچەمكی حوكمرانی باش
 • دووركەوتنەوە لەسیاسەتی خەسخەسە(بەتایبەتیكردن)ی وەكو چارەسەرێكی ئاسان بۆ خۆدزینە لە كورتهێنانی بودجە

 • جەختكردن لەسەر قورتاربوون لە ئابوری بخۆر (ریعی).

• هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان بەشێوەیەك كەپارێزگاری لە موڵكداری زەوی ، سامانی سروشتی بۆحكومەت بكات‌و هاندەری وەبەرهێنانی نیشتمانی ‌و بیانیش بێت لەكەشێكی شەفافی ئابوری‌و دارایی‌و هۆكاری رەخساندنی هەلی كاری ناوخۆیی بكات

• داڕشتنی میكانزمی گونجاو بۆ چاودێریكردنی بازاڕی ئازاد ، ئەمەش لەرێگای دەستوەردانی دەوڵەت بۆ نەهێشتنی قۆرخكاری، ودانانی باج لەسەر خاوەن سەرمایەدارە گەورەكان. ئەمەو حزبی شیوعی لەم یاداشتنامەیەدا ، تەنها هێڵە گشتیەكانی نەخشەرێگای چارەسەری دەخاتە روو بەهیوای ئەوەی هاوكارێكی گونجاوبێت لەم قۆناغە هەستارەدا.

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان



PM:03:36:28/01/2016