وێنەیەکی مامە ریشە

وێنەیەکی کۆنی مامە ریشە لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکدا لەناوچەی گەرمیان.

مامە ریشە ناوی نەجمەدین شکور رەئوف، ساڵی 1955 لە گوندی تاڵەبان-ی ناوچەی گەرمیان، لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و لە ژینگەیەکی پاک و بێگەردی کوردایەتیدا هاتۆتە دنیاوە، بۆیە هەر زوو هەستی نیشتمانپەروەرییەکی پێشکەوتنخواز لە دەروونیا کڵپە ئەسەنێ و لە ساڵی 1970دا بە پێچەوانەی زوربەی هاوتەمەنەکانی خۆیەوە، پەیوەندی ئەکات بە شۆڕشی فەلەستین-ەوە و ئەبێتە (فیدائی).

ساڵی 1978کە رژێم شاڵاوی تەعریب و راگواستنی لە کوردستاندا گەیاندە ترسناکترین ئاست، کارەساتی گوندە کاولکراو و جوتیارە راگوێزراوەکان مامە ریشەی وا لێکرد چەکی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی نوێدا بکاتە شان و لەریزی هەڤاڵەکانیدا دڕ بە شەوەزەنگی داگیرکردن بدات.

ریشەی قارەمان لەماوەیەکی کەمدا بە چالاکییە پڕ جەربەزەکانی توانی نەک هەر دڵسۆزی خۆی بۆ شۆڕش بسەلمێنێ،
بەڵکو وەک پاڵەوانێکی کەموێنە ناوبانگی دەرکرد، لەو دەشتە کاکی بەکاکییانەی ناوچەکانی هەمەوەندو جەباری و قادرکەرەم و دەوروبەری شاری کەرکوکدا، گورزە بەهێزەکانی مامە ریشە لە هێزی داگیرکەر هێندە کاریگەر بوون، کە هەر ناوبردنی ئەو جەنگاوەرە جوامێرەی گەل بەس بوو بۆ زارەترەک کردنی لەشکری دوژمن. 

لە ساڵی 1979ەوە ئەم ئازایەتییە دەگمەنەی تێکەڵاوی کاری پێشمەرگانە و دیسپلینی شۆڕش کردووە و لە کەرتی (4)ی بازیان درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتی دا. لەگەڵ هەموو چالاکییەکدا ناوبانگی ئەم شۆڕە سوارە بەرزتر ئەبووەوە و خۆشەویستییەکەی لە دڵی میللەتدا زیاتر ئەبوو. 
ئەو سەردەمەش کە کرایە فەرماندەی کەرتی جەباری، رژێم لە ترسی شاڵاوی ئەم هەڵۆیە هەموو هاتوچۆیەکی لە نێوان کەرکوک و بازیاندا قەدەغە کرد و ناوی مامە ریشە کەوتە ناو سروود و دروشمە جەماوەرییەکان. 
زوربەی داستانە پڕ سەروەرییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەر لە شەڕی(تەپەی عەرەب)ەوە تا داستانی رزگار کردنی (بێتواتە) جێپەنجەی مامە ریشەی پێوە دیارە، ئەم پێشمەرگە چاو نەترسە لە شەڕی پێشمەرگایەتیدا چوار جار بریندار کراوە و لەسەر ئەو هەڵوێست و ناوبانگەش کاربەدەستانی رژێم باوکی مامەریشە و ئەحمەدی برایان شەهید کردووە. 

دوژمن هەر بەمەشەوە نەوەستا و رۆژی 24ی کانونی دووەمی ساڵی 1985 لە پیلانێکی ترسنۆکانەدا بە دەستی کۆمەڵێک بەکرێگیراو شەهیدی کرد.


AM:12:02:04/02/2016