ئیمنکی ئاماژە بۆ ئەو قەرزانە ناکات لەکۆتایی ٢٠١٥ بە پەرلەمانتارانی داوە

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە١٠/١٢ ەوە قەرزی بێ سووی داوە بە ٧ پەرلەمانتار، جێگری سەرۆکی پەرلەمان روونکردنەوە دەدات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات قەرزی لەو شێوەیە لە ٢٠١٦دا نەدراوە.

ئەمڕۆ دوای ئەوەی د. عێزەت سابیر لەلێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە قەرزی بێ سوو دراوە بە ٩ پەرلەمانتار، دووانیان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە پێیان دراوەو،  حەوتیان دوای ١٠/١٢ لە لایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە پێیاندراوە، نووسینگەی رۆژنامەوانی جەعفەر ئێمنکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە دەڵێت" زۆر بەداخەوە ئەم بابەتەش وەک چەشنەها بابەتی تر بەتەواوەتی چەواشەکراوەو بێ ئەوەی لەراستی و دروستی بابەتەکە بگەن تۆمەتی بێ بنەمایان دروستکردوە".

نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت" راستیەکەی ئەوەیە کە بەرێز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی سەختی تەنگژەی دارایی هەرێم هەر لەمانگی کانونی یەکەمەوە ئەم بابەتەی بەتەواوی رەتکردۆتەوەو دوور و نزیک هیچ بابەتێک لەبارەی وەرگرتنی ئەو جۆرە قەرزە لەئارادانیە پەرلەمانتارانی کوردستانیش کۆکن لەسەر ئەم بۆچونەو ماوەی دوو مانگە هیچ پەرلەمانتارێک هیچ داوایەکی لەو شێوەی پێشکەشی نوسینگەکەمان نەکردوە".

نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵیت" بەڵێ‌م دیارە سیاسەتی هەندێ کەس و لایەن تەنها بۆ ئەوەیە ئەم جۆرە بابەتانە بۆ گەرمکردنی بازاڕی خۆیان بوروژێنن کە رێک لەگەڵ ئەو پەندە کوردیە یەک دەگرنەوە کە دەڵێ شەڕ لەبەتاڵی باشترە بەڵام نازانن ئەوانە لەبری کارکردن بە زانیاری دروست لەهەگبەی خۆیان و بێ پشت بەستن بە زانیاری دروست خەڵک چەواشە دەکەن".



PM:08:17:06/02/2016