شیوعی: خشتەی پاشەكەوتی ئیجباری چارەسەری قەیرانی ئابوری ناكات


مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: خشتەی پاشەكەوتی ئیجباری و بریارەكانی حكومەت چارەسەری قەیرانی ئابوری ناكات.

 دەقی راگەیەنراوەكە:

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان
خشتەی پاشەكەوتی ئیجباری و بریارەكانی حكومەت چارەسەری قەیرانی ئابوری ناكات
لە ئاكامی قەیرانی ئابوری ئەو دەوڵەتانەی كە لە جیهاندا پشت بە ئابوری بەرخۆر دەبەستن، ودابەزینی نرخی نەوت و وزە، رۆژ لە دوای رۆژ مەترسی قەیرانی ئابوری بەرۆكی دەیان دەوڵەت دەبێتەوە، وبەرێژەیەكی بەرچاو كورتهێنان لە بودجەی ئەو دەوڵەتانە دیارە وفشارێكی تەواوی بەسەر خەڵكی كەمدەرامەت وزەحمەتكێش كردوە.
ئەو قەیرانەش كە كوردستانی گرتۆتەوە، پاڵی بە حكومەتی هەرێمەوە ناوە كە كۆمەڵێك هەنگاو بۆ مامەڵەكردن لەگەل ئەم دۆخە نوێیە، بنێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كاركردنی بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە خشتەی بڕینی موجەی فەرمانبەرانی راگەیاند كە رێژەكەی لە %15 تا 75%دەستپێدەكات. ئەم خشتەیەش بوو بە هۆی نیگەرانی ودڵگرانی جەماوەرێكی بەرفراوانی گەلەكەمان بە تایبەتی خاوەن كەمدەرامەت وموچە نزمەكان كە قورسایی بارگرژی بارودۆخی ئابوری دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان، لە كاتێكدا ئەوانەی لە رابووردوودا سوودمەند بوون لە سیاسەتە ئابورییەكانی حكومەت  قورسایی ئەم قەیرانەئابورییەیان ناكەوێتە ئەستۆ.
دانانی ئەم خشتەیە ، سەرپێیەكی تەواوی پێوە دیارە وبە هیچ شێوەیەك ناكەوێتە خانەی چاكسازی ئیداری وداریی بەڵكو شێوازێكی شێواوە لە پیادەكردنی سیاسەتی پاشەكەوتی ئیجباری (الادخار الاجباری) كە هەنگاوێكی ئابورییە بە ناچاری هەندێ وڵات پیادەی دەكەن لە هەلومەرجی قەیرانی ئابوری، بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا كۆمەڵێك هەنگاوی ئابوری وسیاسی دیكە پیادە دەكەن لە سەروی هەموویانەوە هەنگاونان بۆ چاكسازی ئیداری ودارایی كە پێویستی بە سیاسەتێكی ئابوری نوێ هەیە و هەنگاونان بۆ نەهێشتنی بەفیرۆدانی سامانی نیشتمانی ودەستنیشانكردنی تێكرای سەرمایەی گواستراوەكان بە هەر شێوازێك بێت كە رەوانەی  دەرەوەی كوردستان كراون.
مەترسیدارترین هەنگاو ئەوەیە ئەگەر حكومەت هەراجی مولكی گشتی بكات وزەوی وزاری گشتی بفرۆشێت، كە لەم هەلومەرجەشدا كە گەندەلی ونەبوونی شفافیەت لە دامودەزگاكانی حكومەت هەیە، چاوەرەوانی ئەوە ناكرێت كە بە شێوەیەكی شەفاف ولە روانگەی بەهای ئابورییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بكرێت. بۆیە چاوەرەوان دەكرێت كە ئەم فرۆشتنە چارەسەرێكی كورتخایەنی كاتی بێت ولە كۆتایشدا خزمەتی توێژە بیروكرات ومشەخۆرەكان بكات وئەو مولكانەش لە دەستی گشتی دەردەهێنرێت ودەخرێتە دەستی ئەو سەرمایەدارانەی كە بە شێوازێك لە شێوازەكان پابەندی حزبیەكانن.
ئەوەی كە دەبێ بوترێت جێبەجێكردنی خشتەی پاشەكەوتی ئیجباری و هەنگاوەكانی دیكەی حكومەت بۆ ئەم جۆرە مامەڵەكردنە لە گەڵ قەیرانی ئابوری رێگا چارەی دەربازبوون لە قەیرانی ئابوری نییە، وئاكامەكەشی دەبێتە هۆی نەهێشنی چین وتوێژە مامناوەندییەكان، وبڵاوبونەوەی هەژاری ودرووستبوونی دەیان كێشەی كۆمەڵایەتی دیكە.
رێگا چارەی قورتاربوون لە قەیرانی ئابوری بەوە دەستپێدەكات كە حكومەت دان بەوەدا بنێ كە لە كوردستاندا قەیرانی ئابوری هەیە و هۆكارەكانی تەنها ناگەرێتەوە بۆ كەمبونەوەی نرخی نەوت و وزە و بوونی شەڕی داعش وهاتنی ئاوارەكان بۆ كوردستان، كە ئەمانە گرفتی سەرەكین بەڵام هۆكاری سەرەكی بۆ سیاسەتی ئابوری بەرخۆر دەگەرێتەوە. بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم چاوگێرانەوەیكی تەواو بە خشتەی پاشەكەوتی ئیجباری بكات، لە هەمان كاتدا پێویستە هەنگاوی چاكسازی ئابوری هاوكات بێت لەگەڵ چاكسازی سیاسی و پیادەكردنی چەمكی حكومەتی باش وئاراستە بوون بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام كە ئەمەش پێویستی بە زامنكردنی فرەبوونی داهاتی كوردستان هەیە وكار بۆ هێنانەوەی سەرمایەی بەفیرۆچوو وراگوێزراو بۆ دەرەوەی وڵات بكرێت و نرخی كاڵا و پێداویستی تەندروستیلەگەڵ داهاتی هاوڵاتیاندا ڕێكبخرێت و بازار بۆ بەروبومی كشتوكاڵی بدۆزێتەوەو كوالیتی كۆنترۆل ڕێگا لە هێنانی خواردەمەنی دەرەكی بگرێت كە هەمان كاڵا لە ناوخۆدا هەیە.
لە هەمان كاتدا رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستانی لە بواری سیاسییەوە و گەیشتن بە سازانێكی نیشتمانی گشتگیر یارمەتیدەری هێنانەدی حكومەتێكی بە هێزە بۆ ئەنجامدانی ئەركە هەنوكەیی وبەپەلەكانی قۆناغی ئێستای كوردستان وهەنگاونان بۆ یەكریزی وزەمینە خۆشكردن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، تێكرای ئەم ئەركانەش بە بێ پشتگیری جەماوەر نایەتە دی.
7/2/2016



PM:06:47:07/02/2016